شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” چارەسەركردنی نەخۆشیی شەقیقە چەند جۆر دەرمانی هەیە بۆ چارەسەركردنی، بەڵام با بزانین ئایا بۆتۆكس چارەسەرە بۆ شەقیقە یاخود نا.
د. ئازاد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار، دەڵێت” یەكێك لەو بابەتە بەربڵاوانەی لە سۆشیاڵ میدیا باس دەكرێت بەكارهێنانی بۆتۆكسە وەك چارەسەری شەقیقە، بەڵام پێویستە ئەوە بزانن چارەسەری ئەم نەخۆشییە پێویستی بە راوێژی پزیشكی پسپۆڕی مێشك و دەمارە، چونكە تەنها دەرمان و لەناویشیاندا بۆتۆكس ناتوانن شەقیقە بنبڕ بكەن، بەڵكو پێویستە رێنمایی وەربگرن بۆ رێگری كردن لێی.
هەروەها ئاشكراشی كرد” شەقیقە پێویستی بە چەند جۆرێك دەرمان هەیە و هەریەكەیان بەپێی نەخۆشەكە دەگۆڕێت، واتا هەموو نەخۆشەكان هەمان دەرمان و رێگەی چارەسەر وەرناگرن، لە هەندێك كەسدا كە ناتوانن بەردەوام دەرمانەكانیان بەكاربهێنن، بۆتۆكس یەكێكە لە رێگەكانی چارەسەر بۆ ماوەی 3 بۆ 6 مانگ بەپێی جۆری بۆتۆكسەكە شەقیقەیان كەم دەكاتەوە، بەڵام چارەسەری بنبڕی ناكات، بەڵكو پێویستە وەك دەرمانەكان بەردەوام بەكاربهێنرێت، ئەویش تەنها كاتێك كە پزیشكی پسپۆڕی مێشك و دەمار پێشنیاری دەكات، لەبەر ئەوەی بۆ هەموو نەخۆشەكان كاریگەری نابێت.