زاری كرمانجی :
دوای مردنی دەیان منداڵ لە گامبیا، نیودەلهی و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لێكۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان مردنەكان و دەرمانێكی تایبەت بە كۆكە دەكەن كە لە هیندستان دروستكراوە.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە كە مردنی دەیان منداڵ لە گامبیا ڕەنگە پەیوەندی بە دەرمانێكی كۆكە هەبێت كە لە هیندستان دروست دەكرێت، لە كاتێكدا دوو سەرچاوە لە وەزارەتی تەندروستی هیندستانەوە بە ڕۆیتەرز-یان ڕاگەیاندووە ئەمڕۆ پێنجشەممە هیندستان لێكۆڵینەوەی لەم بابەتەدا كردووەتەوە.
تیدرۆس ئەدهانۆم گیبرییسوس بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ڕێكخراوەكە لەگەڵ ڕێكخەری دەرمان لە هیندستان و كۆمپانیای مەیدن فارماسیوتیكاڵ كە بنكەكەی لە نیودەلهیدایە و بەرهەمهێنەری دەرمانی كۆكەیە لێكۆڵینەوە لە مردن دەكات بەهۆی برینداربوونی توندی گورچیلەی قوڕبانیان.
ئەو دوو سەرچاوەیە رایانگەیاندووە، رێكخراوەكە كۆتایی مانگی رابردوو كۆنتڕۆڵكاری گشتیی ماددە هۆشبەرەكانی لە هیندستان لە مردنی ئەو منداڵانە ئاگادار كردۆتەوە، دوای ئەوە رێكخەرەكە دەستی بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حكوومەت كردووە.
ئەو دوو سەرچاوەیە ئەوەشیان رایانگەیاندووە، كۆمپانیاكە ئەو خواردنەوەیەی دروستكردووە و تەنیا هەناردەی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا كراوە.
هەروەكو دەزگا میدیاكان ئاماژەی بۆ دەكەن تا ئێستا كۆمپانیای دەرمانی مەیدن دروستكەری دەرمانەكە وەڵامی پەیوەندییەكانی ئاژانسەكانی هەواڵ و ئێمەیڵەكان ناداتەوە بۆ ئەوەی لێدوان لەسەر ڕووداوەكە بدەن.
لای خۆیەوە حكومەتی هیندستان داوای لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی كردووە راپۆرتەكەی بنێرێت كە ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە بە دەرمانی كۆكەوە تا هەموو هەنگاوێكی پێویست لەم بارەیەوە بنێن.
گامبیا لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا فەرمانی بە هاوردەكاران و فرۆشگاكان كردبوو كە فرۆشتنی هەموو ماركەكانی دەرمانی پاراسیتامۆڵ رابگرن و حكومەتیش لێكۆڵینەوەی لە پەیوەندییەكی گوماناوی نێوان ئەو دەرمانە و مردنی دەیان منداڵی بچووك دەستپێكرد.
سەرۆكی سیستمی تەندروستی ئەو وڵاتەی رۆژئاوای ئەفریقا لەو كاتەدا رایگەیاندبوو، لێكۆڵینەوەكە دوای دەركەوتنی زیادبوونی حاڵەتەكانی برینداربوونی توندی گورچیلە لە نێو منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە كۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو دەستیپێكردووە.
ڕێكخراوی چاودێری دەرمانەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، زانیارییەكی تەواو نییە بۆ ئەوەی پاساو بۆ قەدەغەكردنی گشتی دەرمانی پاراسیتامۆڵ بهێنێتەوە، كە ئازارشكێنێكە زۆرجار بۆ كەمكردنەوەی تا لە منداڵاندا بەكاردەهێنرێت.
منداڵەكان نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان دەركەوتووە لەوانە نەتوانینی میزكردن، بەرزی تای و ڕشانەوە، كە بە خێرایی بووە هۆی لەكاركەوتنی گورچیلەكان.