هیوا ساعدی
ئەمڕۆ ساڵیادی لەدایكبوونی مێژوونووسی گەورەی كورد (شەرەفخانی بدلیسی) خاوەن كتێبی بەنرخی مێژوویی “شەرەفنامە” یە.
شەرەفخان كوڕی شەمسەدین بەدلیسی لە ٢٥ی شوباتی ١٥٤٣ لە گوندی گەرمەڕووی سەر بەشاری قوم لە ئێران لەدایكبووە. لە دیوەخانی شا تەهماسپی یەكەم لە ساڵی ١٥٤٣ تا ١٥٧٦ لەگەڵ كوڕەكانی ئەودا ژیاوە. لە ئێران شا ئیسماعیلی سەفەوی ساڵی ١٥٧٦ پایە و نازناوی میری میران دەبەخشێتە شەرەفخان و دەیكاتە سەرۆكی هۆزی كوردەكان. لە كانوونی دووەمی ١٥٧٨ لە جەنگی نێوان ئێرانییەكان و عوسمانییەكان دا پشتی ئێرانییەكان بەر دەدات و لایەنگری عوسمانییەكان دەكات بە خۆی و ٤٠٠ چەكدارەوە دژ بە ئێران دەوەستێت و سەركردایەتی عوسمانییەكان دەكات، لە ساڵی ١٥٨٩ سوڵتان مورادی سێیەم دژ بە ئێرانییەكان پایە و نازناوی خان دەبەخشێتە شەرەفخان و دەیكاتە میری ویلایەتی بەدلیس. لە ساڵی ١٥٩٠ واتا لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا جڵەوی فەرمانڕەوایی خۆی دەداتە دەست كوڕەكەی خۆی شەمسەدین بەگ.
لە ساڵانی ١٥٩١ تا ١٥٩٢ دەست دەكات بە نووسینی شەرەفنامە و لە ٤ی ئابی ١٥٩٧ لە نووسینی شەرەفنامە تەواو دەبێت و پوختەی نووسینەكانی لەدوای ساڵی ١٥٩٧دا كۆتایی پێ هێنا. میر شەرەفخان لە ساڵی ١٦٠٤ كۆچی دوایی كردووە. بەساڵنامەی زایینی ٦٠ ساڵ ژیاوە.
شەرەفنامە گەلێ بابەتی سەرەكی و گرنگی گرتووەتەخۆ وەكوو ئەمانەی خوارەوە :
حكومەتە كوردییەكانی مەڕوانی و حەسنەوی و فەچلەوی و ئەیووبی.
حاكمە كوردییەكانی پشتاوپشت حوكمڕانییان كردووە.
ئەو حاكمە كوردانەی پارەیان لێداوە و وتاریان بەناو خوێنراوەتەوە.
جگە لەمانەش بە دوور و درێژی باسی حكومەتی بتلیسی كردووە.
ئەم پەرتووكەی شەرەفنامە لە كۆنەوە گرنگییەكی زۆری پێدراوە لە ساڵی ١٩٧٨ی كۆچی بەرامبەری ١٦٦٧ی زایینی لە زمانی فارسییەوە لەلایەن شامی ناوێكەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی توركی و لەدوایدا “ولیامینۆف”ی ڕووسی كردوویەتییە ڕووسی و بە چاپی گەیاندووە و “كارمۆی” مێژوونووسی فەرەنسی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی و لە میسریش مێژوونووسی كورد لە چلەكانی سەدەی ڕابردوو بە فارسی چاپی كردووە و مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی لە ساڵی ١٩٥٣دا بە پەراوێزی بەنرخەوە كردوویەتییە عەرەبی و بە چاپی گەیاندووە دواجاریش هەژار موكریانی بە پەراوێز و پێشەكییەكی درێژەوە كردوویەتییە كوردی و لە ساڵی ١٩٧٢دا لە چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد لە بەغدا لە چاپ دراوە.