” بنكەی موساد لە هەرێم نییە”
” ئێرانییەكان بەخۆشیان نازانن چی دەڵێن “
” كەس باوەر بە پروپاگەندەكانی ئێران ناكات “
لەسەر هێرشەكەی بۆ سەر هەولێر، وەزیری دەرەوەی عێراق بە فەرمی داوای لە ئێران دەكات كە داوای لێبووردن بكات.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەری(ناشناڵ)ی ئیماراتی گووتی” پێویستە ئێران لەسەر ئەو هێرشەی بۆ سەر هەولێریان كرد داوای لێبوردن بكات”.
وەزیری دەرەوەی عێراق زیاتر روونیكردۆتەوە ” ئێرانییەكان دەڵێن گوایە هێرشیان كردووەتە سەر بنكەكانی مۆساد و ئەمە جاری یەكەمیشیان نییە ئەم هێرشانە بكەن. ئەمە جاری دووەمە شاری هەولێر مووشەكباران دەكەن، دەشزانن دەنگۆی ئەوەی بنكەی مۆساد لە هەولێر هەیە، پڕوپاگەندەیەكی بێ بنەمایە”.
فوئاد حوسێن زیاتر دەڵێت” كەس باوەڕ بە پڕوپاگەندەكانی ئێرانییەكان ناكات، دیار نییە ئێرانییەكان ئەم پڕوپاگەندەیە بە كێ دەفرۆشن، بۆ رای گشتی خۆیان یان بۆ كەسانی دیكە؟ لە كاتێكدا ئەوان هاووڵاتی سڤیل و منداڵێكی 11 مانگیان شەهید كردووە، كەچی بانگەشەی ئەوە دەكەن تیرۆریستیان بە ئامانج گرتووە و بنكەی مۆسادیان مووشەكباران كردووە”.
” لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی باسمان لەو هێرشانە كردووە و تەنانەت ئێرانییەكان خۆیان لەو بارەیەوە نەیاندەزانی كە باس لە چی دەكەن و هەر بەرپرسێكی ئێران بە جۆرێكی جیاواز باسی لە هێرشەكە دەكرد”. وەزیری دەرەوەی عێراق وای گووت.
فوئاد حوسێن لە كۆتایی قسەكانیدا گووتی ” داوا دەكەین ئێران داوای لێبووردن بكات لەسەر هێرشەكەی هەولێر و بەڵگە بخاتەروو لەسەر هەبوونی بنكەی مۆساد”.