دیدار-محەمەد هەسنانی
ساڵح محەمەد ڕواندزی، دانیشتووی قەزای ڕواندز، لە ئێستادا وەك پیشەوەرێك لە شاری سۆران كاری چاككردنەوەی ئامێرە كارەباییەكان دەكات، لە هەمانكاتیشدا دەستی هەیە لە نووسین و چەند پەرتوكێكی مێژوویی لەسەر ڕواندز چاپ و بڵاوكردووەتەوە، هەروەها چەند ساڵێكیش لەمەوبەر وەك بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەی ڕواندز دەست بەكاربووەو توانیویەتی بە هرەو تواناكانی چەند تۆپێكی هاوشێوەی تۆپەكەی وەستا ڕەجەب دروست بكات، لەوانە چەند تۆپێك لەناوەوەو بەردەم كتێبخانەی گشتی ڕواندز لەسەر سەكۆیەك دانراون”.
لەمبارەیەوە ساَلح محەمەد ساڵح، بە زاری كرمانجی گووت: ” وەك دیارە ڕواندز لە ڕووی مێژوییەوە پێگەو تایبەتمەندی زۆری هەیە، بۆیە منیش وەك تاكێكی ئەم شارە هەوڵمداوە لێكۆڵینەوە لەسەر كولتوروو مێژووی شارەكە بكەم، بەمەش توانیومە چەند پەرتوكێك بە چاپ بگەیەنم و بڵاویان بكەمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك چەند ساڵێك لەمەوبەر وەك بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەی ڕواندز دەست بەكاربووم، دەستم كرد بە دروستكردنی چەند تۆپێكی هاوشێوەی تۆپەكەی وەستا ڕەجەب، بە چەند پێكهاتەیەك كە تائێستا نموونەی ئەم تۆپانەی دروستم كردوون لەسەر سەكۆی بەردەم كتێبخانەكەو هۆڵی كتێبخانەكە دانراون وەك سمبولێك ماونەتەوە”.
دەشڵێت: ” هەرچەند ئەوكات پێشنیارم كرد كە تۆپێكی قەبارە گەورەی هاوشێوەی تۆپەكەی وەستا ڕەجەب دروست بكەم، لە ڕێگای گشتی كاولۆكان واتە گەڕەكی پاشای گەورەی ڕواندز دابنێم، بەڵام كەس هاوكارم نەبووە، ئەگەرنا جوانییەكی تری مێژوویی و كولتوری بە شارەكەمان دەبەخشی، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی سەردانی ناوچەكە دەكەن لە دروازەی ڕواندز پێی ئاشنابن.
