زاری كرمانجی-سۆران
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ” بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، بە یاوەری جێگری سەرپەرشتیار سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد و لە كۆبوونەیەكدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و ستاف و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەكە، تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی گرنگی پەیوەست بەهاووڵاتییان”.
ئاماژەی بەوەشدا ” بابەتەكان بریتی بوون لە پێكهێنانی لێژنەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی زەوی كشتوكاڵی، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گرنگیدان بە ئاژەڵداری و پاڵپشتیكردن و هاوكاریی جوتیاران بۆ ساغكرنەوەی بەرووبوومی ئاژەڵی و كشتوكاڵی، بە پشتبەستنی توێژینەوەو لێكۆلینەوە ئەكادیمیەكان، بەرەوپێشبردنی نەمامگەكان بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی مەشتەلە و سەوزایی، كردنەوەی خول و راهێنان بۆ پێگەیاندنی كادیر و جوتیاری پێشكەوتوو”.
گووتیشی: ” هەروەك لە بەرنامەی كارو پلانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیران پێداگری لەسەر فرەچەشنكردنی سێكتەرەكان، بۆ فەراهەمكردنی ئاسایشی خۆراك لە چوارچێوەی ئاسایشی نشتمانی، بەتایبەت سێكتەری كشتوكاڵ كە سەرچاوەی سەرەكییە”.
هاوكات، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەیی و پاڵپشتی خۆی بۆ هەر پێویستیەك و بەرەوپێشبردنی بواری كشتوكاڵ دەربڕی.