مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
شەوی ڕابردوو شاندێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ یەكشەممە 25ی شوبات، وا بڕیارە كۆبوونەوەكانی شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیە ڕاگەیاند ” كۆبوونەوەكە بەمەبەستی وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، شاندەكەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هاتوون و دەیانەوێت وردبینی بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوو بكەن.”
شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، ماوەی چەند ڕۆژێك لە هەرێم دەمێننەوە و هەر وەكوو گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ دەكات “شاندەكە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.”
جێگەی باسە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو، وردبینی لە خەرجی و داهاتەكانی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023 كردووە.