ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو : ساڵی ڕابردوو 11 بەندكراو لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لە دەستداوە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە نامەیەكی ناڕەزایی دا، بەندكراوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ داوای دوورخستنەوەی سەرۆكی زیندانەكە دەكەن لە پۆستەكەیدا.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە بە هۆی ئازاردانی بەردەوامی بەندكراوان لەلایەن سەرۆكی زیندانی ورمێ یەوە، چەندین بەندكراو هەوڵی خۆكوشتنیان داوە.
لە نامەی بەندكراواندا كە مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، بەندكراوان دەڵێن “ئێمەی بەندكراوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ كە هەر یەكێكمان بە تۆمەتێكی جیاوازەوە سزای بەندكرانمان بۆ بڕاوەتەوە و قۆناخی بەندكرانەكەمان لەم زیندانەدا تێ دەپەڕێنین، بە هۆی گیروگرفتی خۆمان و بنەماڵەكانمانەوە كەوتووینەتە دۆخێكی دژوارەوە و مانەوە لە زینداندا بۆمان بووەتە شتێكی تاقەتپڕووكێن و ئەستەم. كێشەكە لەوەدایە كە خودی سەرۆكی زیندان، پەیمان خانزادە، نە تەنیا كێشە بۆ بەندكراوان دروست دەكات بەڵكوو لە هەندێك حاڵەتدا بنەماڵەكانیش ئاوێتەی كێشەكان دەكات.”
ئاماژە بەوەش دەكەن چەندین بەندكراوی زیندانی ورمێ بە هۆی گوشار و ئەشكەنجەوە هەوڵی خۆكوشتنیاندا و، لە نامەكەدا نموونەی خۆكوشتنی ئەمیر شەهبازیفەر دەهێننەوە و دەڵێن “هۆكاری خۆكوشتنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی پەیمان خانزادەی سەرۆكی زیندان و هەروەها بەرپرسی بەندی یەك و دوو، ئەكبەر ماهیری.”
لە درێژەی نامەكەدا كە واژۆی 800 بەندكراوی لەسەرە، نووسراوە زیاتر لە ١٠ بەندكراوی ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا هەوڵی خۆكوشتنیان داوە، گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشكییەكانی دەرەوەی زیندان.
لە لایەكی تریشەوە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە كە ساڵی ڕابردوو 11 بەندكراو لە ژێر ئەشكەنجە كوژراون.
بەگشتی لە ڕاپۆرتی هەنگاو هاتووە “لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی ٣٢ بەندكراو لە بەندیخانەكان و دەستبەسەرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەست داوە و دوو بەندكراو ماوەیەكی كورت لە دوای ئازادی گیانیان لە دەست داوە و تۆمەتبارێك لە كاتی هەڵهاتن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات كوژراوە. هەروەها لە ساڵی ڕابردوو ٩ بەندكراوی سیاسی گیانیان لەدەست داوە و لانی كەم ١١ بەندكراو لە ژێر ئەشكەنجە كوژراون، بە پێی ئەم ئامارە ٦٠٪ ی قوربانیان بەندكراوانی كورد بوون.”