شەوی رابردوو جارێكی تر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە سوریا كەوتنە بەر هێرشی چەندان مووشەكی هێزە میلیشیاكانی سەر بە ئێران و دەنگی چەندان تەقینەوە بیستران.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە” گرووپەكانی سەر بە ئێران بە چەندان مووشەك گەورەترین بنكەی ئەمریكییان لە سوریا لە كێڵگەی نەوتی ئەلعومەر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر كردە ئامانج، ئەم بۆردوومانە هاوكات بوو لەگەڵ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكا لەو بنكەیە”.
روانگەی سوری زیاتر روونیكردۆتەوە ” هاوكات لەگەڵ هێرشە مووشەكییەكەدا دەنگی چەندان تەقینەوە دەبیستران، بەهۆی مووشەكە بەرگرییەكانی ئەمەریكا كە هەوڵی پووچەڵكردنەوەی مووشەكی میلیشیا هێرشبەرەكانی دەدا.”
تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانە گیانی و مادیەكانەوە نەزانراوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاو بوونەتەوە لە 19تەشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو تا شەوی رابردوو لە لایەن هێزە چەكداراەكانی سەر بە ئێرانەوە 120 هێرشی جیا لە سوریا كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا.