زاری كرمانجی – سۆران:
ماوەی چەندین ساڵە، ژمارەیەكی زۆری مامۆستای ئاینی بەشێوەی خۆبەخش لە مزگەوتەكانی سنووری ئیدارەی سۆران وتاری رۆژانی هەینی پێشكەش دەكەن، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆرانیش دەڵێت، هەوڵی دامەزراندنیان دەدەین.
د . پشتیوان سرێشمەیی بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان نزیكەی 150 مامۆستا، بێ ئەوەی هیچ موچە و پاداشتێكیان پێبدرێت بەشێوەی خۆبەخش لە مزگەوتەكان وتاری هەینی پێشكەش دەكەن، بەمەبەستی دامەزراندنییان بەشێوەی گرێبەست نوسراوی فەرمیمان بەرز كردۆتەوە بۆ وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی دارایی.
بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سۆران، لە نێو ئەو وتاربێژە خۆبەخشانە كەسانی ئەكادیمی و خاوەن بڕوانامەی بەرزی وەك دكتۆرا، ماستەر، بەكالۆریۆس، دەرچووی شەریعە و خاوەن مۆڵەتی مەلایەتیشی تێدایە، بەشێكیان سەرووی 10 ساڵە بەشێوەی خۆبەخش وتار دەخوێنەوە و مزگەوتەكان بەڕێوەدەبەن.
گووتیشی:” هەموو هەوڵێك دەدەین ئەو مامۆستایانە كە خۆبەخشن لە سنوورەكەمان وتاری هەینی پێشكەش دەكەن مافیان نەخورێت و بكرێنە گرێبەست.
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران بە زاری كرمانجی دراوە، لە سنووری هەرشەش قەزای ئیدارەی 600 مزگەوتی لێیە، لەوانە 290 مزگەوتی وتاری تێدا دەخوێندرێت، لەو رێژەیە 150 مزگەوتیش لە لایەن مامۆستایانی خۆبەخش بەڕێوەدەبردرێن.