” ئەو هەڵمەتە شەرمەزار بكەن و نەبنە بەشێك لەو گوتارە میدیایی و سیاسییەی كە برەو بە رقوكینە دەدات”
سەنتەری میترۆ لەبارەی ئەو هەڵمەتەی دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكرێتە سەر كەمینەكان لە كوردستاندا بەیاننامەیەكی دەركردووە و نیگەرانە لە هەڵمەتی ڕقوكینە بەرانبەر كەمینەكان.
دوای هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسیی كۆتاكان لە هەرێمی كوردستان و بەنادەستوور وەسف كردنی لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراق كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیشی لێكەوتەوە.
سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەكیدا ڕایگەیاند” كەمینەی نەتەوەیی و ئاینی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا رێزلێگیراو بوون، پێشتر رۆحی یەكتر قبووڵكردن و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، زاڵ بووە بەسەر ڕقوكینە و توندڕەوی و یەكترسڕینەوە”.
سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەكەیدا روو لە هاووڵاتییان دەكات و دەنووسێت” ئەو هەڵمەتە شەرمەزار بكەن و نەبنە بەشێك لەو گوتارە میدیایی و سیاسییەی كە برەو بە رقوكینە دەدات بەرانبەر كەمینەی نەتەوەیی و ئاینی لە هەرێمی كوردستان”. ئەم داوایەی سەنتەری میترۆ لە كاتێك دایە، دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەڵمەتێكی مەترسیدار بۆ هێرشكردنە سەر كەمینەكان دەستی پێ كردووە، كە لە كوردستان نەبووە.
میترۆ زیاتر نووسیویەتی “دەبێت رەخنەی سیاسی بەرانبەر ڕێژەی كۆتا لەو هەڵمەتی رقوكینەیە جیا بكەینەوە، زیادەڕۆیی لە دەربڕینی هەندێ لە دژەكانی ڕێژەی كۆتا و تەنانەت لایەنگرانیشی، هانی شۆڕەسوارانی رقوكینەی داوە بۆ ئەو هێرشانە.”
میترۆ زیاتر روونی دەكاتەوە “بڕیاری دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشانەوەی كۆتای كەمینە نەتەوەیی و ئاینی، دەبوو بكرێتە بۆنەیەك بۆ مشتومڕی سیاسیی بنیاتنەر، نەك بۆنەیەك بۆ هەڵڕشتی رقوكینە بەرانبەر ئەو پێكهاتانەی كە پێكەوە ڕەنگینی كۆمەڵگەكەمان بەرجەستە دەكەن”.