بێریوان عەبدوڵڵا
سەرپەرشتیاری بەخچەی منداڵان
لە هەموو قۆناغێكی پەروەردەیی ژیانی مرۆڤدا ئامانج و ستانداردی تایبەت هەیە كە دامەزراوە پەروەردەییەكان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.
كاتێك باس لە قۆناغی باخچەی منداڵان دەكەین، باس لە بناغەیەك دەكەین كە داهاتووی پەروەردەیی و دەروونی منداڵ لەسەری بنیات نراوە. با پێكەوە قووڵبینەوە لە قووڵایی ئەم قۆناغەدا بۆ دۆزینەوەی ئامانجە بنەڕەتییەكان، چوونی منداڵ بۆ باخچەی ساوایان گرنگی و زیندووییەكی زۆری هەیە، لەناو ئەو باخچەدا دەتوانێت پێداویستییە پەروەردەیی و ڕەفتار و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییەكانی دابین بكات، باخچەی منداڵان تەنها شوێنێك نییە بۆ كەڵەكەكردنی منداڵان بەڵكو بە مەبەست لێی بەدەستهێنانی زۆر ئامانجی دیكەن، بەجۆرێك كە حەز دەكەین زۆرێك لەو شتانە فێری منداڵان بكرێت كە دەبێت لەم قۆناغەدا فێری ببێت، لەناو منداڵانی نزیك لە تەمەن و ڕەفتاردا، بە ئامانجی پەرەپێدانی لە ڕووی پەروەردەیی و ڕەفتار و ئەخلاقیەوە، لەلایەن پسپۆڕانەوە.
باخچەی منداڵان بە یەكەم هەنگاوی گەشتە دوور و درێژەكەی پەروەردە دادەنرێت، ڕەنگە یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی باخچەی منداڵان ئامادەكردنی منداڵ بێت بۆ پێگەیشتنێكی دروست، بۆ ئەوەی دواتر ئەو ئەزموونانە قەبووڵ بكات و سوودی لێ وەربگرێت كە لە مەنهەجی قوتابخانەدا هاتووە. باخچەی منداڵان دامەزراوەیەكی پەروەردەییە كە ئامانجی پێدانی پەروەردەیەكی باش و زوو بە منداڵ و تایبەتمەندە بە نەرم و نیانی لە مامەڵەكردن و ڕێنماییكردنی منداڵدا.
مەبەست لەم بابەتە روونكردنەوەی ئەو ئامانجانەن كە لە بەخچەی منداڵان وەك قۆناغێكی بنەرەتی هەوڵی بۆ دەدرێت كە پێویستە هەمان ئامانجی دایك و باوكان بن لە كاتی بردن و تۆماركردنی منداڵەكانیان لە باخچەی منداڵاندا.
زۆربەی زانایان و شارەزایان لەم بوارەدا ئامانجەكانی باخچەی منداڵان دابەش دەكەن بەسەر ئامانجی گشتی و ئامانجی تایبەتی، لەم نووسینەدا هەوڵدەدرێت كە بە شێوەیەكی كورت باس لە گرنگترین و سەرەكیترین ئامانجەكانی باخچەی منداڵان بكرێت. باخچەی منداڵان هەڵگری پەیامێكی سەرەكی و بنەرەتیە بۆ منداڵان كە كاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی پەروەردەیی منداڵ دەبێت و چەند ئامانجێكی سەرەكی هەیە گرنگترینیان ئاشنبوونی منداڵە بە قوتابخانە و سیستەمەكانی، تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی نامۆ لە كۆمەڵگە و قوتابخانەدا بە جۆرێك كە ڕابێت و باوەشی دایكی لەبیر بكات، ڕابهێندریت لەسەر ئەوەی جگە لە چوارچێوەی خێزان كەسانێكیتر هەن كە پێویستە گفتوگۆ و مامەڵەیان لەگەڵ بكات كە بریتین لە مامۆستا و هاورێ و هاوپۆلەكانی. واتە ئامادەكردنی منداڵ بۆ ژینگەی قوتابخانە بە نەرمی گواستنەوەی لە خۆسەنتەرییەوە بۆ ژیانی كۆمەڵایەتی دەوروبەری و لەگەڵ هاوتەمەنەكانی. ئامادەكردن و ڕاهێنانی منداڵ لەسەر ئەوەی كە قۆناغ و گەشتە دوور و درێژەكەی خوێندن قبوڵ بكات.
بەجۆرێك كە پێویستە وا لە منداڵ بكرێت و ئەوەی فێربكرێت كە ئەو بیرۆكەیە قبوڵ بكات كە باخچەی منداڵان قۆناغی گواستنەوەی یارییە سادەكانیەتی كە تەنها بۆ كات بەسەربردن هەیبوون بۆ قۆناغی ئەو یارییە بەسودانەی كە یارمەتی گەشەپێدانی جەستەیی و دەرونی دەدەن. پێویستە ئامانجی باخچەی منداڵان ڕێكخستنی وزەكانی منداڵ و ئاراستەكردنی بۆ گەیشت بە ئامانجە پەروەردەییەكان و ئامادەكردەنی منداڵ بێت ۆ ژیانێكی كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە لایەنی بەرامبەر و هاوكاری لەگەڵیدا.
ئەمە سەڕەرایی ڕاهێنانی منداڵ بۆ بیركردنەوەی لۆژیكی بۆ ئەوەی بتوانێت سوودی ئەو یارییانەی كە ئەنجامی دەدات بچنێتەوە و هەروەها هەمەچەشنكردنی ئەزموونەكانی منداڵ و پاڵاوتنیان لە ڕێگەی ئەو چالاكییانەی كە پراكتیزەی دەكات ئەرك و ئامانجی باخچەی منداڵانە كە دەست بكە بە ڕاهێنانی منداڵ بۆ قەدرزانینی مۆسیقا و ئەدەب لە ڕێگەی سروود و یاریكردن و وێنەكێشان بە ڕەنگ.
پاراستنی سروشتی منداڵ و گرنگیدان بە گەشەی ئەخلاقی و دەروونی و جەستەیی و پاراستنی باوەری منداڵ لەسەر ئاین و كاركردن بۆ پێكهێنانی ڕەوتێكی ئایینی لەسەر بنەمای خۆگونجاندن لەگەڵ سروشت هەروەها فێركردنی منداڵان بە ڕەفتاری باش هەڵوێستی باشیان لەڕێگەی نموونەیەكی باش و نمونەیەكی خۆشەویست یەكێكیتر لە ئامانجەكانی باخچەی منداڵانن. دابینكردنی دەرفەتێكی باش لە دەربڕین و زانیاری دروست بۆ منداڵ كە لەگەڵ تەمەنی خۆیدا بگونجێت و پەیوەندی بە دەوروبەرەكەیەوە هەبێت، بەشێكیتر لەو ئامانجانەی كە پێویستە باخچەی منداڵان هەوڵی بۆ بدات بریتیە لە ڕاهێنانی منداڵ لەسەر توانای جووڵە و ڕاهێنانی لەسەر خووە تەندروستەكان و هەستەكانی و بەكارهێنانیان بە شێوەیەكی دروست.
هاندانی چالاكیی داهێنەرانەی منداڵان، بەرجەستەكردنی سەلیقە جوانەكەی منداڵ و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی زیندوو و ڕوون و ئاشكرا بیرۆكەكانی ئاراستە بكات. لەسەرووی هەموو ئەوانەوشدا پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی منداڵ، دڵخۆشكردنی منداڵ، و پەروەردەكردنێكی دروست وریابوون بۆ پاراستنی منداڵ لە مەترسییەكان، چارەكردنی نیشانەكانی هەڵسوكەوتی نائاسایی لە ناویدا، ئەگەر هەبێت و ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكانی منداڵان بەباشی لە ئامانجە هەرە سەرەكی و بنەرەتیەكانی باخچەی ساوایانن.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ئامانجانە دەتواندرێت بوترێت كە خاوەنی باخچەی ساوایانی كارا و بەسوودین لە نێوكۆمەڵگە و لە سیستەمی پەروەردەییدا، بە هەمان شێوەش هەبوونی ئەم نامانجانە لە بەرنامەی كاری باخچە ساوایەكانمان وا دەكات كەوا چێنێك لە منداڵانی چالاك و تەندروست ئامادە بكرێن بۆ قۆناغەكانی دواتری خوێندن.