دلۆڤان شێروانی
دوا بە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ڵایەن ئەمریکاوە دەوڵەتی عێراق بەچەندین شێوازی حوکمڕانی جیاجیادا تێپەڕیووە و پێی ناوەتە قۆناغێکی جیاوازتر لەجاران، بەجۆرێک سیادە و سەروەری خۆی لەدەست داوە کە تەواو هەموو بڕیارە گرنگ و جومگە هەستیارەکانی لەژێر هەژموونی دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانە.
هەربۆیە کاربەدەستانی عێراق ماوەیێکە هەموو هەوڵ و توانای خۆیان خستووەتە گەڕ بۆئەوەی بتوانن هەر نەبێ کەمێک ناوبانگ و سەروەری بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ دەدەن کە لە ڕێگەی بڕیارە ناڕەواکانی دادگای فیدڕالی ولاتەکەیان بەرەنگاری خاک و خەلکی هەرێمی کوردستان ببنەوە و هەر ڕۆژەو بەهانە بە شتێک دەگرن!
دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆڕییەوە بۆ بەندەری جەیهان، لە ئێستادا هەموو هەولێکیان خراوەتە گەڕ بۆئەوەی هەلبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان پەک بخەن و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمەڵێک یاسای بێ بنەما هەلبوەشێننەوە.
دوای چەندین جار دادبینی و دواخستن، پاش ئەوەی درکیان بەوەکرد کە میللەتی کورد و سەرکردایەتی سیاسی کورد و کوردستان تەسلیم بە حەز و بڕیارە ساختە و چەواشەکارەکانیان نابن، ئەوەبوو دوێنێ چوارشەممە دادگای فیدراڵی عێراق بەهۆی سکالای حزبێکی دیاریکراوی کوردییەوە بڕیاری دا؛ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بەشێوەی بازنەیی بەڕێوەبچێت و سەرجەم کورسی کۆتاکانیش هەڵبوەشێنەوە، بەمەش ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستانیان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم بکرێتەوە.
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیێکی زۆری پێکهاتەکان و ڵایەنەجیاوازەکانی لێکەوتەوە و ئەم بڕیارەیان بە بڕیارێکی نابەجێ هەژمارکرد و بەلێدان لە مافی کەمینەکان و شێوازی پێکەوەژیان لە کوردستان وەسف کرد.
بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پێکهاتەکان بە “بڕیارێکی سیاسی” لە قەڵەم درا، بەڵام سەرەرایی هەموو ئەو هەوڵانە ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە بەشێوەیێکی فەرمی بەشداریی هەڵبژاردنەکانی خوولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان دەکەن.
بەدووریش نازانرێت کە لە ڕۆژانی داهاتوودا وڵاتی تورکیا و هەندێ وڵاتانی ئەوروپی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بڕیارە نابەجێیە بێنە دەنگ کە دادگای فیدڕاڵ لە دژی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و مەسیحیەکان دەری کردووە.
بێگومان ئەم بڕیارە ناهەموارەش لەدوای ئەوەدێت کاتێک ئێران دەزانێت کە حزبە پڕۆکسیەکانی لە هەرێمی کوردستان لاوازبوونە و مقاومەی ئەوەیان نەماوە لە کێبڕکی پڕۆسە دیموکراسیەکان لەڕێگەی سندوقی دەنگدان سەرکەوتن بەدەست بێنن، بۆیە لە ڕێگای دادگای فیدڕالەوە کەوتوونەتە گوشار و فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان و لە قالب دانی قەوارە دەستورییەکە.