“ئێران سەدان مووشكەی بالیستیكی داوەتە روسیا”
جان كێربی گووتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا رۆژی هەینی 23-2-2024 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە كاردانەوەی خێرا و توندی لە دژی ئێران كرد، ئەگەر هەواڵی ناردنی موشەكی بالیستیكی بۆ روسیا پشتراِست بكرێتەوە.
ئەم لێدوانەی گووتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێك بوو لە ( ئاژانسی ڕۆیتەرز) كە ئاماژەی بە ناردنی مووشەكی بالیستیكی لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا دراوە.
جان كێربی گووتیشی” ئێرانییەكان لە ڕاپۆرتە میدیاییەكەی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)دا بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە بەنیازن مووشەكی بالیستیكی بۆ ڕووسیا بنێرن و هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی وا بیر بكەینەوە كە كارێكی لەو شێوەیە ناكەن، ئەگەر كۆماری ئیسلامیی ئیران مووشەكی بالیستیكی بفرۆشێت یان بنێرێت بۆ ڕووسیا، ئەمەریكا ڕێوشوێنی زیاتر و زۆر تووند دژی ئەو وڵاتە دەگرێتەبەر”.
ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەفتەی رابردوو لە ڕاپۆرتێكدا كە پشتی بە چەندین سەرچاوەی فەرمی لە كۆماری ئیسلامی ئێران بەستووە بڵاوی كردووتەوە ” كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا سەدان مووشەكی بالیستیكی لە جۆری (فاتح-110) و (زوڵفەقار)ی ڕەوانەی ڕووسیا كردووە”.