شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، زۆر لە منداڵەكان حەزیان لە خوێندنەوەیە، بەڵام پێویستییان بە هاوكاری و هاندانیان هەیە.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” كە باسی منداڵ دەكرێت هەموومان حەز دەكەین بڵێین منداڵەكەم خوێنەرە و زۆر بە كەمی ئایپاد و مۆبایل بەكاردەهێنێت، بەڵام پێویستە ئێمە خۆمان هاوكار و هاندەریان بین چونكە خوێندنەوە بۆماوەیی و زگماكی نییە، بەڵكو دەبێ خۆمان فێریان بكەین بۆ ئەوەی وەكو حەزێك بۆیان دروست ببێت و ئارەزووی بكەن، چونكە خوێندنەوە بۆ منداڵ چەندین سوودی هەیە.
چەند رێگایەكی ئاسان بۆ ئەوەی منداڵەكەت فێرە خوێندن ببێت، لەوانەش:
- لەسەرەتایی تەمەنییەوە فێری خوێندنەوەی بكە، تەنانەت لە ناو سكی دایكی.
- رۆژانە كاتێك دیاری بكەن بۆ خوێندنەوە.
- لەكاتی كڕینی كتێب منداڵەكەشت لەگەڵ خۆت ببە .
- هەوڵبدە لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكەی بەڵكو تەنها خوێندنەوەی لا خۆشەویست بكە.
- هەر بەردەوامبە لەوەی كتێبی بۆ بخوێنییەوە ئەگەر تەمەنیشی گەورە بێت.
- هەوڵبدەن منداڵەكەتان شاشە و ئامێری ئەلیكترۆنی زۆر كەم بەكاربهێنێت یانیش هەر بەكارنەهێنێت.
- خۆت پێشەنگبە و لەبەرچاوی منداڵەكەت كتێب بخوێنەوە با بتبینێت.
- بەپێی تواناكانی لەكاتی سەركەوتن دیاری پێشكەش بكە.
- بێزار مەبە لە حەزی منداڵەكەت و ئەگەر ویستی بۆی دووبارە بكەوە.
-شێوازی سەرنجڕاكێش و جولەی جۆراوجۆر بەكاربێنە لەكاتی خوێندنەوە.
ئەم پزیشكە، گووتیشی” لە سەرەتاوە فێركردنی منداڵ بۆ خوێندنەوە لە دواڕۆژ دەیكاتە كەسایەتی كاریگەر و لێهاتوو، هەر بۆیەش پێویستی بە مەشق و دووبارەكردنەوە هەیە، نزیكەی زۆربەی منداڵان حەزیان لە خوێندنەوەیە، بەڵام هەندێكیان پێویستییان بە هاندانی زیاترە.