مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆ بووەوە و لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/2/2024، مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا هاتووە: “سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە، مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆ بووەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بوو، كە لە ڕۆژی چوارشەممە 21/2/2024 دەرچوون.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “ئەم بڕیارانە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون.”
لەسەر ئەم تەوەرە، مەكتەبی سیاسیی پارتیم جەخت لەم چەند خاڵەی خوارەوە دەكاتەوە:
- داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداری و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.
- پارتی پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تاوەكوو لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوور بەردەوام بێت.
- بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.