زاری كرمانجی-سۆران
هادی باڵەیی نووسەرو چاودێری سیاسی، دەڵێت: ” دادگای بەناو فیدراڵی درێژكراوەی ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنستیەیە كە هەموو ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەرلەسەدەی ڕابردوو تا دوای ساڵی 2003 و ئێستایش هەمان عەقڵیەتە كەنایەوێت كورد وەك قەوارەو وەك هاوبەشی ڕاستەقینە بناسێت و بۆ نەمانیشی هەموو هەوڵێك كە ئێران دیاری دەكات دەگرێتەبەر”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: ” فۆكسی دادگا لە سەر هەرێمی كوردستان، بەتەنها و پشتگوێ خستنی گەندەڵی و كاری نایاسایی و بەتاڵانبردنی سامانی عێراق، بۆ بەرژەوەندی ملیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران و نەورووژاندنی سەدان پرسی نایاسایی و نادەستووری دیكە لە عێراق، ئاماژەیە بۆ بوونی دەستتێوەردانی هەرێمی لەو وڵاتەداو ململانێیەكی قووڵ لەناوچەكەدا”.
ئاماژەبەوەشدەدات: ” سیستەمی حوكمڕانی عێراق لەسەر سیستمێكی پەرلەمانی دامەزراوە، هەموو ئەو بڕیارو كارتە فشارانەی كە بە نایاسایی و نادەستووری و تاكڕەوانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەدرێن پوچ دەبن، عێراق بەرەو داڕمان و بێهێزی زیاتر دەبات و حكومەت و قەوارەی كوردستانیش بەهێزتر دەكات، با شاهێدی داهاتووبین .