مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە شاری ئیرڤینی سەر بە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا، سوڵتان كۆسەن كوردە باڵابەرزەكەی جیهان و جیۆتی ئامگی هیندستانی بچووكترین ژنی جیهان، بە یەكتر شاد بوونەوە.
سوڵتان كۆسەن ی تەمەنی ٤١ ساڵی دانیشتووی ماردین ی باكووری كوردستان، ناوی لە كتێبی گینس بۆ پێوانە جیهانییەكان تۆماركراوە وەك “باڵابەرزترین پیاوی جیهان” كە درێژەیەكی دوو مەتر و 51 سانتیمەترە، هەروەها جیۆتی ئامگی تەمەن 30 ساڵی هیندستانی كە بەرزی باڵای تەنیا ٦٢،٨ سانتیمەترە و وەك “باڵا كورتترین ژنی جیهان” لە كتێبی گینس ناوی تۆماركراوە.
لەسەر بانگهێشتی بەرهەمهێنەرێكی ئەمریكی و لە چوارچێوەی بەرنامەیەكدا، كۆسەن و ئامگی سەردانی لۆس ئەنجلس دەكەن و، دیدارەكەشیان تۆمار دەكرێت.
یەكەم دیداری كۆسەن و ئامگی لە ساڵی ٢٠١٨ بوو كاتێك لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی كولتوور و گەشتوگوزاری میسر، سەردانی قاهیرەی پایتەختی وڵاتەكەیان كرد و دواتر پێكەوە سەردانی هەرەمەكانی جیزەیان كرد و وێنەی یادگارییان پێكەوە گرت.




































































