ئیسماعیل ئیبراهیم
زیاتر لە 55 مادە و بڕگەی یاسایی لە دەستووری عێراق لە ئاست هەرێمی كوردستان و ناوچە دابرێِندراوەكان پێشێل كراوە، تا ئێستا دادگای فیدڕاڵی لەسەر یەك دانە لەو پێشلكردنانە كۆنەبووتەوە.
بەڵام هەر بابەتێك پەیوەندی بە لاواز كردنی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت بڕیاری خێرای لێ دەدات، بەتایبەتی ئەو كێشانەی رەهەندی سیاسییان هەیە، كە ئامانجەكەی لێدانە لە پێگەی هەرێمی كوردستان، ئەم بڕیارانە دەرخەری ئەوەن، دادگای فیدراڵی عێراق سەربەخۆ نییە و كەوتۆتە ژێر هەژموونی لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران.
هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاست نێودەوڵەتی سەری بەرزە كە مافی تەواوی پێكهاتەكانی پاراستووە و لەبەرزترین دامەزراوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت رەچاوی گشت پێكهاتەكانی كردووە، ئەمەش لە تەواوی كابینە یەك لە دوایەكەكانەوە رەنگی داوەتەوە، بە تایبەتی لە كابینەی 9یەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسرور بارزانی.
بابەتی تۆمار كردنی سكاڵا بۆ كەمكردنەوەی كورسی پێكهاتەكان لە لایەن یەكێتییەوە چاوەڕوانكراو بوو، وەك چۆن لە رابردوو بینیمان ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەم حزبە بۆ بڕینی مووچە و بودجەی هەرێم هەموو رۆژ لە بەغدا بوون.
وەك ئەوەی بینیمان دەنگیان بە یاسای پڕچەككردنی حەشدی شەعبی دا.
وەك بینیمان خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان كرد.
لێرەوە قسەیەكی مەلا بەختیارم بیر دێتەوە كاتێ بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، لە كەناڵەكانی راگەیاندن گووتی ” یەكێتی یەك كورسیش بێنێ دەستبەرداری دەستەڵات نابێ” واتە ئەگەر هەرێمی كوردستان بۆ یەكێتی و بە ئارەزووی یەكێتی نەبێت، تێكی دەدەم. ئیتر خەڵك و شەقام قبوڵی بێت یا نە، مێژووش چی دەنووسێ با بنووسێ.
ئەوەی گرنگە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە ئاست نیشتمان و هەموو پێكهاتەكانییەوە، كە بە درێژایی مێژوو شان بە شانی بەدەست هێنانی مافە رەواكانی نەتەوەی كورد پێداگریشی لەسەر دەستەبەر كردنی مافی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی دیكە كردووە.
قوتی هاووڵاتییان گرنگە و هەمیشەش پارتی شەڕی ئەم بابەتەی كردووە، بۆیەش هەمیشە تیمی پارتی لە نێو حكومەتی هەرێمی كوردستان شەڕی بەدەستهێنانی شایستەداراییەكانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران كردووە، بەڵام هەرگیز ئامادە نەبووە شكۆی نیشتمان بخاتە مەترسی بۆ دەستكەوتی ماددی یا پلە و پۆست، ئەوەی ئێستا یەكێتی و هاوئاوازەكانی بە راوێژ لەگەڵ رۆبۆتەكانی قوم و تاران دەیكات، رادەستكردنی هەموو نیشتمان و تاكی كوردە بە دەست داگیركەرانەوە.
ئەم كەس و لایەنانە بوون بە ئاراستەی دوژمنانی، شەقامیان وا گەوجاند، كە ئەگەر نەوت و داهاتەكان هەمووی رادەستی بەغدا بكرێت ژیانی هاووڵاتییان پڕدەبێ لە خۆشی و پارە ئەوەندە زۆر دەبێ خەڵك نازانێ چی لێ بكات، ئەی كوا ئەو پارە و خۆشگوزەرانییەی باسیان دەكرد.
حزب و گرووپ وا ئاراستە بكرێن كە پارە لەسەرووی هەموو شتێكەوە دابنێت و دەستبەرداری شكۆی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی خۆی بێت، جگە لە خۆچەماندن و كۆێلە بوون و زەلیلی هیچ شتێكی دیكە پێشكەش بە نیشتمان و تاك ناكەن.