زاری كرمانجی :
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێك سەرجەم كۆمپانیاكانی كەرتی گشتی و تایبەت پابەند دەكات بە دابینكردنی لانیكەم 75% ی هەلی كارەكانیان بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی هەرێم.
بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران كە رۆژی 20 ی ئەیلولی ئەمساڵ بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووە، ئاماژە بەوە كراوە، دەبێت 75%ی دەرفەتەكانی كار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەك لە هەرێم بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بێت، و نابێت بەكارخستنی كرێكاری بیانیی لە هەر پڕۆژە و پیشەیەك لە بازاڕی كەرتی تایبەت لە ڕێژەی 25%ی ئەوانەی كاردەكەن لە پڕۆژەكە تێپەڕ بكات.
لە بریارەكەدا ئەوەش هاتووە :”نابێت هیچ كارمەندێكی بیانی بخرێتە سەر كار ئەگەر رەزامەندی كاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی نەبێت، هەروەها گەنجانی بێكاری هەرێمی كوردستان لە پێشترن لە خەڵكی بیانیی بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی كار لە ناو هەرێم”.
هەروەكو لە بڕیارەكە هێمای بۆ كراوە:”لەمەودوا نوسینگەكانی كار لە هەرێمی كوردستان كارا دەكرێن كە سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتین و گەنجانی بێكار دەتوانن سیڤی خۆیانی پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی حكومەت كاریان بۆ بدۆزێتەوە، لە خاڵێكی دیكەی بڕیارەكەدا كارمەندانی بیانی پابەند دەكرێن بەوەی كارمەندانی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان فێری پیشەكانیان بكەن، ئەو بنەمایەش بە راهێنانی پیشەیی ناو دەبرێت و وەزارەتی كار سەرپەرشتی دەكات”.