” مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆی دابەش بكرێت”
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوێنێ لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە چەند بڕیارێكی دەكرد لە ناویاندا “دەبێت هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، كار بۆ ئەوە بكەن مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆی دابەش بكرێت”.
دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ” نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات و پێویستە حكوومەتی عێراق پابەند بێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم”.
لەناو بڕیارەكاندا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوە كراوە ” دەبێت بەپێی مادەی 116 و 117 دەستووری عێراق، یەكسانی هەبێت لە دابەشكردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە هیچ كەسێك بكرێت، دەبێت هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، كار بۆ ئەوە بكەن كە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆی دابەش بكرێت”.
لە بڕیارەكاندا هەر دوو حكومەتی هەرێم و عێراق لە بارەی شایستە داراییەكانەوە پابەند كراون و ئاماژە بەوە دراوە ” دەبێت هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەكان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان”.
دادگا سەرۆكی حكومەتی عێراقی پابەند كردووە بە چارەسەر كردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لە بڕیارەكەهاتووە ” محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێت ئەركی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەستۆ بگرێت و كێشە و ناكۆكییەكانی هەردوو حكوومەتیش چارەسەر بكات. هەروەك پێویستە حكوومەتی عێراق پابەند بێت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات”.