کۆسار سەنگەر حوسێن
گەشتیاری زیرەک چییە، چۆن بە کار بهێنرێت بۆ بەرەوپێشچوونی سێکتەری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، لە سیاسەتی ئابووری گەر وڵات یەک جۆر سەرچاوە هەبێت بۆ بەدەستهێنانی داهات ، ئەوا بە وڵاتێکی هەژار هەژماردەکرێت لە ڕووی ئابووری کە قەیرانەکان بە ئاسانی رووبەرووی دەبنەوە و کاری تێدەکەن.
لە جیهانی ئێستا و سەردەمی مۆدێرندا کەرتی گەشتیاری بە یەکێک لە گرنگترین سێکتەرەکان دادەنرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە خاوەن سروشتێکی جوان و دڵڕفێنن. بۆیە وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ زیاتر گەشەپێدانی وڵات دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت.
هەروەک لای هەمووان ئاشکرایە کە شۆڕشی تەکنەلۆژیا و بە دیجیتاڵی بوونی جیهان بووەتە هۆی درووستکردنی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە زۆربەی بوارەکاندا. جا لەم ڕوانگەیەشەوە سێکتەری گەشتیاری دەتوانێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ زیاتر بەرەو پێشچوون. بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانرێت شارێکی گەشتیاری بۆ سەردانی کەران درووست بکرێت. یەکێک لە نوێترین پێشکەوتنەکان لەم بوارەدا بریتییە لە نمونەی (گەشتیاریی زیرەک) کە دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت.
لەم چوارچێوەیەدا کوردستان کە بە دیمەنە سروشتییە سەرنجڕاکێش و شاخەکانی زۆر بەناوبانگە و خاوەنی کۆمەلێک شوێنی کۆن و دێرینە. جا بۆیە جوانی سروشتی پاک و خاوێنی کوردستان دەرفەتێکی ناوازە دەڕەخسێنێت بۆ ڕاکێشانی ئەو گەشتیارانەی کە بەدوای دیمەنی جوان و ئاسەواری دێرین و ئارامیدا دەگەڕێن.
گەشتیاری زیرەک ئاماژەیە بۆ یەکخستنی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی (ICT) بۆ بەرزکردنەوەی ئەزموونی گشتی سەردانیکەران، باشتکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان، و بەشداریکردن لە گەشەپێدانی بەردەوامی شوێنە گەشتیارییەکان لە رێگای تەکنەڵۆژیا.
جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی گەشتیاریی زیرەک بریتییە لەبڵاوکردنەوەی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی بۆ ڕێکخستنی بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی شوێنە گەشتیارییەکان، باشترکردنی دەستڕاگەیشتن، و دڵنیابوون لە بەکارهێنانی کارامەی سەرچاوەکان. نەخشە کارلێککارەکان، لە رێگای ئەپی مۆبایل، کە دەتوانرێت بە گەشتیاریی زیرەک لە رێگای یەک کلیک لەسەر پڵاتفۆرمە دیجیتاڵیەکان دەست بە هەموو ئەو خزمەتگووزاری و زانیارییانە بگات کە یارمەتی گەشتیاران دەدات. بۆ نموونە دانانی پلانی گەشتکردن، گرتنی شوێنی مانەوە، بە ئاسانی دەستگەیشتن بە هۆکارەکانی گواستنەوە، رێستۆرانتەکان،کۆکردنەوە و پێدانی زانیاری لە سەر شوێنە گەشتیارییەکان، وەرگرتنی کۆمێنتی ئەوکەسانەی کەوا سەڕدانی ئەم شوێنانەیان کردووە هتد… تەنها لە رێگای مۆبایلەوە پێدانی خزمەتگووزاری بەردەوام بە گەشتیارن لە رێگای دروستکردنی شارێکی تەکنەڵۆژی گەشتیاری بۆ سەردانی کەران.
جگە لەمە، یەکخستنی تەکنەلۆجیای زیرەک دەتوانێت بەشداربێت لە گەشەی ئابووری کوردستان لەڕێگەی دروستکردنی ڕێگای نوێ بۆ بازرگانییە ناوخۆییەکان. پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان و دەستپێشخەرییەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی کە دەتوانن گەشتیاران بە پیشەسازییە ناوخۆییەکانەوە ببەستنەوە، چەندین دەرفەتی کار لەم بوارە برەخسێندرێت بۆ گەنجانی ئەو ناوچانەی کە خاوەن شوێنە گەشتیارەکانن ئابوورییەکی گەشتیاری بەردەوام پەروەردە بکەن.
شایانی ئاماژە پێدانە کەوا ژیری دەستکرد (AI) هەموو بەشەکانی جیهانی گرتۆتەوە. جیهان بەرەو دیجیتاڵی هەنگاوی ناوە لە هەموو روێکی ژیانەوە.
بەداخەوەم لە وڵاتی ئێمە تاکو ئێستا وەکو پێویست نەتوانراوە سوود لەم تەکنەلۆژیانە وەربگیرێت بۆ گەشەپێدانی وڵات و گۆرینی سیستەمی کارکردن. گەر نەتوانین سوود لەم پێشکەوتنە وەربگرین و بەکاری بهێنین بۆ باشترکردنی ژیانمان ئەوا ناتوانین هەنگاو بنێین بۆ درووستکردنی وڵاتێکی پێشکەوتوو و دەرفەتەکان بقۆزینەوە.
دەکرێت ئەمە بکرێت بە پرۆژە یاسایەک لە رێگای وەزارەتی گەشتو گووزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەل بەرێوەبەرایەتی ناوچە گەشتیارەکان
پلانێکی درێژخایەن دابنرێت بۆ جێبەجێکردنی داهاتووی گەشتیاریی زیرەک لە کوردستان و ببێتە چەکێکی بەهێز بۆ جێگرەوەی نەوتی ژێرزەوەی.کەوا بە زمانی سیاسەتی ئابووری پێیاندەوترێت (وڵاتانی کرێچی) کە تاکە سەرچاوەی داهاتییان نەوتە. بۆ ئەوەی بتوانرێت فشار لەسەر سێکتەری وزە کەم بکاتەوە و لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەکی تری داهات بۆ وڵات ، کە دەتوانرێت دوا بە دوای کۆتایی پێهاتنی نەوتی ژێرزەوی ببێتە یەکەم سێکتەر کە پشتی پێببەسترێت بۆ وڵات شان بە شانی سێکتەری کشتوکاڵی کە ئەویشیان بە بژاردەیەکی بەهێز دادەنرێت.
بۆ ئەم مەبەستە دەتوانرێت سوود لە ئەزموونی شارەکانی وەکو (مەڵاگە، هێلسینکی،ستۆکهۆڵم هتد) وەربگیرێت کەوا بوونەتە شانازی و پایتەختی گەشتیاری کیشوەری ئەوروپا. لە هەموو جیهان خەلکانێکی زۆر سەردانیان دەکەن بەهۆی ئەو هۆکارانەی کەوا لە سەرەوە باسمان کردن. کە دەبنە هۆی کار ئاسانی و درووستکردنی شارێکی گەشتیاری دیجیتاڵی زیرەک کەوا گەشتیاران هەست بە ئارامییەکی یەکجار زۆر دەکەن بۆ گەشتکردن.
لە کۆتاییدا دەڵێم، کوردستان خاوەن سامانێکی سروشتی بە نرخە لە دیمەنە سروشتییە کێوییەکان ،شاخ، دۆڵ، رووبارەکان ، هەموو ئەمانەش پێویستییان بە تەکنەلۆژیای گەشتیاریی زیرەک دەبێت بۆ یارمەتیدانی گەشتیاران لەلایەک و هەورەها هاوکاریکردنی لایەنی پەیوەندیدار لە کۆکردنەوەی داتاو زانیاری لەلایەکی تر ، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کەرتەکە و هەروەها شارستانییەتی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی. بە ئامێزگرتنی پێشکەوتنە دیجیتاڵییەکان، نەک هەر دەتوانێت ئەزموونی سەردانکەران بەرز بکاتەوە بەڵکو گەشەپێدانی ئابووریش لە ڕێگەی دەرفەتی بازرگانی داهێنەرانە هان بدات، لە کۆتاییدا کوردستان وەکو شوێنێکی گەشتیاری زیرەک کە پێویستە سەردانی بکرێت زیاتر بناسرێت و بکرێتەوە بە بەرووی جیهاندا .