پەرلەمانتارێكی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لەسەر بودجەی تایبەتی خۆی 144 هەزار لیتر نەوتی بۆ دانیشتوانی ناوچە سارد و شاخاوییەكانی سۆران دابین كرد كە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر دابەشی سەر نزیكەی چوار هەزار خێزانی كەمدەرامەتی ناوچەكە دەكرێت.
نەهرۆ مەحموود رەواندزی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندام لە لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكانەوە بە مالپەڕی وشەی راگەیاندووە ” بەهۆی ئەوەی دانیشتوانی ناوچە شاخاوییەكان بەشێكی زۆریان كەسانی كەمدەرامەتن و پێویستی زۆریشیان بە گەرمكەرەوە و نەوت هەیە، لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا نووسراوێكم ئاڕاستەی وەزیری نەوتی حكوومەتی عێراق كرد، تا بتوانم رەزامەندی وەزارەتەكە وەربگرم بۆ ئەوەی 144 هەزار لیتر لەسەر ئەركی خۆم و بودجەی تایبەت بەخۆم لە حكوومەتی عێراق بكڕمەوە و دابەشی سەر ئەو خێزانانەی بكەم كە پێویستیان پێیەتی”.
زیاتر روونیكردەوە ” دوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی نەوتی حكوومەتی فیدراڵ، 144 هەزار لیتر نەوتەكە دابینكراو ئێستە بەشێكی زۆری نەوتەكە دابەشی سەر دانیشتوانی ناوچە شاخاوییەكان كراوە و بەشێكی كەمی ماوە كە لەم رۆژانە كۆتایی دێت بە پرۆسەی دابەشكردن بەسەریاندا”.
ئەم پەرلەمانتارە لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی نەوتەكە بەسەر كەمدەرامەتانی سۆران روونی كردەوە” بەهۆی ئەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر ئەزموونێكی زۆریان لەو بوارە هەیە و لە كارەكانیاندا تەنیا رەچاوی لایەنە مرۆییەكان دەكەن، بڕیارم دا سوود لە دەزگاكە ببینم بۆ ئەوەی نەوت بگەیەنینە ئەو ماڵبات و كەسانەی كە پێویستیان پێیەتی و كەمدەرامەتن”.
نەهرۆ رواندزی زیاتر گووتی” جگە لە تێچووی ئەو 144 هەزار لیترەی كە گرتمە ئەستۆ، 11 هەزار و 400 جلیكانیشم كڕی بۆ ئەوەی نەوتەكە بكرێتە جلیكان و هەر ماڵباتێك سێ جلیكانی پێ بدرێت”.