“كار دەكەین بۆ ناردنی گووتەبێژەكانی ناوەندە جیاوازەكانی حكوومەت بۆ ئەمریكا تا باشتر تێبگەن”
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، لە ڕاگەیاندراوێكدا، ئاماژە بە كەمبوونەوەی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكات.
ئەمڕۆ 21/2/2024، كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، ئاماژەی بەوە كردووە” ژمارەیەك لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندە چاودێرەكانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان نیشانیاندا، كە پێشێلكارییەكانی ئازادیی ڕاگەیاندن بۆ ساڵی 2022 بۆ 2023 كەم بوونەتەوە و لە ناویشیاندا كەمبوونەوەی بەرچاوی دەستگیركردنی ڕۆژنامەوانان”.
زیاتر نووسراوە ” بینینی ئەم گۆڕانكارییە مایەی هاندانمانە و دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە هەوڵەكانی تا ئێستایان بۆ باشتركردنی ژینگەی میدیا و ڕاگەیاندن”.
لە ڕاگەیاندراوەكەی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر هاتووە” هێشتا ڕۆژنامەوانان و ناوەندە چاودێرەكان ڕاپۆرتی پێشێلكاریی لەسەر هەندێك لایەنی میدیایی بڵاو دەكەنەوە، لە ناویاندا دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی گشتی و بەشداربوون لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییانەی حكوومەت ڕێكیان دەخات. بۆ باشتركردنی توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامدانەوەی پرسیاری بەجێی ڕاگەیاندنەكان لە كاتی خۆیدا، كار لەسەر ئەوە دەكەین گووتەبێژەكانی ناوەندە جیاوازەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بنێرین بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تا باشتر تێبگەن لەوەی نووسینگەكانی ڕاگەیاندن لە حكوومەتی خۆمان لە ئەمریكا چۆن كارەكانیان ئەنجام دەدەن”.