بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران : بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ تەنیا ئەو تەكسییانەی لۆگۆی قاوەییان هەیە مافی گواستنەوەی گەشتیاریان هەیە
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران : لەگەڵ ئەوەین دەرگای شوێنە گەشتیارییەكان كراو بن بۆ گەشتیاران
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەشێك لە شۆفێرانی تەكسییەكانی هەولێر دەڵێن ڕێگایان پێ نادرێت گەشتیار بهێننە ناوچە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران یش دەڵێت ئەمە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیە و تەنیا ئەو تەكسییانە دەتوانن گەشتیار بگوازنەوە كە لۆگۆی قاوەییان هەیە.
شۆفێرێك كە لە كۆمپانیاكی گواستنەوە لە هەولێر كار دەكات، بەم شێوەیە قسەی بۆ زاری كرمانجی كرد و دەڵێ “ماوەیەكە دەرگای ئیدارەی سۆران بە ڕووی ئێمە داخراوە و ڕێگا نادەن گەشتیار بهێنینە شوێنە گەشتیارییەكانی ئیدارەكە و پێمان دەڵێن ئێوە لۆگۆی قاوەیتان نییە و لەبەر ئەوە مافی گواستنەوەی گەشتیارتان نییە، ئەمە لە كاتێكدا گەشتیاران لە ڕێگەی كۆمپانیاوە پەیوەندیمان پێوە دەكەن كە لەگەڵیان دەربچین بۆ شوێنە گەشتیارییەكان، بۆیە ئەمە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بچیت لە تێرمیناڵ نەفەر بگوازیتەوە، ئەگەر ئەو كارمان كرد مافی خۆیان ڕێگامان نەدەن،”
ئەو شۆفێرە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت دەڵێ “چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا خێزانێكی گەشتیاری عەرەب كە یەكەم جاریان بوو هاتبوونە كوردستان، پێیان گووتم دەمانەوێت سەردانی خۆشترین شوێنی گەشتیاری بكەین، منیش گوتم هاوینەهەواری بێخاڵ و حاجی ئۆمەران زۆر خۆشن و پەشیمان نابنەوە لە سەردانیكردنتان، ئەوانم هێنا بۆ بێخاڵ، كەچی لە بازگەی گەلی عەلی بەگ كە نوێنەری گواستنەوەی سۆران لەوێ بوو پێیان گووتم ئەوە دواین جارە گەشتیار بهێنیتە ئێرە و جارێكی تر بگەڕێتەوە سزا دەدرێت،”
ئەوەش دەڵێ ئەگەر بەم شێوەیە ئاستەنگیان بۆ دروست بكرێت، چیتر گەشتیار ناهێنن بۆ ئیدارەی سۆران و هانی گەشتیارانیش دەدەن ڕوو بكەنە ناوچە گەشتیارییەكانی دهۆك و سلێمانی.
بارزان میر عەلی بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران، هۆكاری ڕێگەنەدانی ئەو شۆفێرانە بۆ بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە و لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “تەكسییەكان دوو لۆگۆیان پێ دراوە، لۆگۆی سوور تەنیا كاری گواستنەوەی ناوخۆ دەكات و لۆگۆی قاوەی بۆ دەرەوەی شارە، ئەم كارە بۆ ڕێكخستنی كاروباری ئەو سێكتەرە كراوە و هەروەها بە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ تەنیا ئەو تاكسییانەی لۆگۆی قاوەییان هەیە، خەتیان پێ دراوە و مافی ئەوەیان هەیە هاتووچۆ بە گەشتیاران بكەن لەبەر ئەوەی پاكانەی ئەمنییان هەیە و ئەو پاكانەش تەنیا بۆ دەرەوەیە،”
بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران دەشڵێت “ئێمە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ جێ بە جێ دەكەین، بێگومان ئەم بڕیارەش بۆ هەموو شارەكانە، بەڵام ئەگەر لە شارێك جێ بە جێ ناكرێت من نازانم هۆكارەكەی چی یە،”
بارزان لە وەڵامی قسەی ئەو شۆفێرانەی كە دەڵێن ئەم بڕیارە تەنیا لە ئیدارەی سۆران جێ بەجێ دەكرێت و بایكۆتی گواستنەوەی گەشتیاران دەكەن بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی ئەو ناوچەیە، دەڵێ “ئەم جۆرە قسانە تەنیا بۆ پاڵەپەستۆ دروستكردنە، ئەمانە كەسانێكی لە یاسا دەرچوونە، بچنە هەر شوێنێك بەو شێوەیە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكرێت،”
بۆ ئەمەش بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران، پێ بژاردنی یەكێك لە شۆفێرانی قەزاكانی ئیدارەی سۆران لە شاری سلێمانی بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێ “شۆفێرێكی دانیشتووی قەزای ڕواندز كە لۆگۆی قاوەیی هەیە لە پارێزگای سلێمانی بە پێ بژاردنی بڕی 750 هەزار دینار سزادراوە تەنیا لەبەر ئەوەی خەتەكەی هەولێر – ڕواندز بووە.”
فەیسەڵ سادق بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران بە زاری كرمانجی گووت “لەگەڵ ئەوە نین دەرگای شوێنە گەشتیارییەكان بە ڕووی گەشتیاران دابخرێت و پشتگیری ئەوە دەكەین كە ئاسانكاری بكرێت بۆ گەشتیاران،” دەشڵێت “ئەم بڕیارە لە ڕووی ئەمنی و سەلامەتی گەشتیاران پێویست بوو، چونكە لە ماوەی ڕابردوو چەندین ڕووداوی كارەساتبار لە ناوچە شاخاوییەكانی ئیدارەی سۆران بە هۆی نەشارەزایی شۆفێرانی دەرەوەی ئیدارەی سۆران ڕوویداوە، هەروەها پاس هەبووە بە چەند سەرنشینێك سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی نزیك سنووری كردووە، كە گەڕاوەتەوە چەند سەرنشینێكی كەم بووە، بۆیە دەركردنی بڕیارێكی لەم شێوەیە بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری ئەو سێكتەرە پێویست بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت كاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاران دروست بكات.”