زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەڵێت: لە ساڵی 2023 كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ لە سنووری قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ كراون، پڕۆژەكانیش جۆراوجۆرن و هەموو سێكتەرێكی خزمەتگوزاری لە خۆ دەگرێت. دەشڵێ: لە كەرتی تایبەتیش كردنەوەی كارگەی زووم بوو، كە یەكێكە لە كارگە هەر باش و پێشكەوتووەكان لە بواری شیرەمەنییەكان، كە دەرفەتی كاری بۆ خەڵكێكی زۆری ناوچەكە ڕەخساندووە.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: لە ساڵی 2023 هەندێك پڕۆژەی ستراتیژی بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سنوورەكە جێبەجێ كراون، سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و كێشە و گرفت و بڕینی بودجە و هەموو ئەو كێشانەی كە بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم دروست كران، مەلا مستەفا بارزانییش، هاوكار و پاڵپشتییەكی سەرەكی بوو كە ڕەزامەندی سەرۆكی حكوومەت وەربگرین و ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكەین، یەك لەو پڕۆژانە كردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بوو، ئەوەی دیكە پڕۆژەی ئاوی بارزان بوو، كە 51 گوندی سنووری ناحیەی بارزان و بەشێكی ناحیەی گۆڕەتوو لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن، كە لەبەر هەندێك كێشەی تەكنیكی و ماددی ئەو پڕۆژەیە ڕاگیرا بوو، سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی دا كە جارێكی دیكە ئەو پڕۆژەیە بكەوێتە كار و ئێستا گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەكە تەرخان كراوە، كە 115 ملیۆن دۆلارە، ئەو پڕۆژەیە لە كۆتایی ئەمساڵ دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی ئەو گوندانە.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەشڵێ: لە كەرتی تایبەت كردنەوەی كارگەی زووم بوو، كە یەكێكە لە كارگە هەر باش و پێشكەوتووەكان لە بواری شیرەمەنییەكان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، كە ڕاستەوخۆ مەلا مستەفا بارزانی، سەرپەرشتی دەكرد، بۆ ئەوەی ئەو كارگەیە بكەوێتە كار، دوای كردنەوەی ئەو كارگەیە هەلی كار بۆ خەڵكێكی زۆری ناوچەكە ڕەخساوە، هاووڵاتییان دەتوانن شیری مانگاكانی خۆیان ببەنە كارگەكە و ساغ بكەنەوە، كە چەند شیر هەبێت وەردەگرێت، خەڵكێك چ بە فرۆشتنی شیر، چ بە چاندنی وێنجە و گەنمەشامی بۆ ئالیك بازاڕی بۆ پەیدا بووە.
سەبارەت بە پڕۆژەكانی بواری ڕێگاوبان و ئاو، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، ڕایگەیاند: چەند ڕێگایەكی ستراتیژی چاككراون، لەوانە ڕێگای مێرگەسۆر – پیران، ڕێگای بابكێ، هەروەها چەندین ڕێگاوبانی گوندەكان قیرتاو كراون، یان تێكەڵەڕێژ كراون، كە ئەوەش هەموو بە هاوكاری و پاڵپشتی و ڕەزامەندی سەرۆكی حكوومەت بووە، جگە لە پڕۆژەكانی ڕێگاوبان هەندێك پڕۆژەی ئاویش لە سنوورەكە جێبەجێ كراون، لەوانە پڕۆژەی ئاوی كانی بۆت، بیێ و بێخشاش و بێدیال، پڕۆژەی ئاوی ئێنەمسید و چەند گوندێكی دیكە، پڕۆژەی ئاوی كونەمار و كەونەگوند كە ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە نزیكەی 25 گوند لێی سوودمەند دەبن، كە پێشتر بە تانكە ئاو بۆ ئەو گوندانە دەچوو.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، گوتیشی: لە بواری كارەبا سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی دا كە پڕۆژەی ئاوی بەردەری ببێتە كارەبا، ئەویش بە گوژمەی سێ ملیار و حەوت سەد ملیۆن دینارە، چونكە ئێستا پڕۆژەكە بە مووەلیدە كار دەكات، لە وەرزی هاوین لە جیاتی شەش پەمپ كار بكەن، لەبەر گەرمای مووەلیدەكان تەنیا سێ پەمپ كاریان دەكرد، ئەوەش وای دەكرد كە وەكو پێویست ئاو نەگاتە هەموو گوندێك، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ ئەوەیە كە ئەو پڕۆژەیە بۆ مانگی 7 تەواو ببێت تا بتوانین ئاوێكی زیاتر بگەینینە هاووڵاتییانی خۆمان كە زیاتر لە 92 گوند لەسەر ئەو پڕۆژەیەنە.