لە سنووری حاجی ئۆمەران دوو کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران برینداربوون.
میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو كردەوە ” هێزە چەکدارەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە سنووری حاجی ئۆمەران، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بە هۆیەوە دوو کۆڵبەر برینداربوون”.
بەپێی هەواڵەكان ناوی ئەو کۆڵبەرانە سەعدی مەحمودی خەڵکی گوندی هەنگەوێ و ئومێد ئازەریی خەڵکی گوندی گردباسکی شاری پیرانشارن.
هەواڵەكان ئاماژە بۆ دەكەن ” ماوەی چەند مانگە کردنە ئامانجی کۆڵبەران بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و تەنیا لە مانگی کانونی یەکەمدا ٤١ کۆڵبەر کوژراون”.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئامارێكیان بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا ئاماژە بە كۆڵبەرە قوربانیان داوە كە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە یا بریندار بوونە . لە ئامارەكەدا هاتووە “لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر کوژرابوون و نزیکەی ٢٧٠ کۆڵبەریش برینداربوون، ئەمەش بەرزترین ژمارەی قوربانیبوونی کۆڵبەرانە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا”.