رفاندن و كوشتن و تیرۆر لە عێراق زیادی كردووە
ئەمڕۆ دووشەممە 19-2-2024، تەرمی چالاكوانێكی سەر بە ڕەوتی سەدر دۆزرایەوە ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە دوێنیوە ئەو چالاكوانە رفێندراوە.
بە پێی هەواڵی كەناڵەكانی راگەیاندنی عێراق ” تەرمی ئەیسەر خەفاجی، چالاكوانی سەر بە رەوتی سەدر لەسەر ڕێگەیەكی خێرای سنووری پارێزگای بابل دۆزراوەتەوە.
میدیاكان بڵاویان كردۆتەوە كە ” خەفاجی لە دوێنێوە ڕفێندراوە و كەس زانیاریی لەبارەیەوە نەبووە”.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیاندراوێكیدا بڵاوی كردەوە” دوێنێ كەسانێكی لە یاسا دەرچوو لە پارێزگای بابل، هاووڵاتییەكیان لەبەردەم ماڵەكەی لە سنووری (حلە) ڕفاندووە و بۆ شوێنێكی نادیاریان بردووە”.
زیاتر روونكراوەتەوە ” تیمێكی وەزارەتی ناوخۆ لە ڕفاندنەكەیان كۆڵیوەتەوە و بەدوایدا گەڕاون، بەیانیی ئەمڕۆ تەرمەكەیان لە ڕێگەی خێرای ناوچەی (جبلە) دۆزیوەتەوە و گەیشتووینەتە سەرەداوی گرنگ لەبارەی تاوانبارەكان”.