جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمان ڕایدەگەیەنێت” داواكارین هەڵبژاردن یەك بازنەی بێت و بە هیچ شێوەیەك دەستكاری كورسی كۆتا نەكرێت”.
مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمان، لە نووسینێكدا بڵاویكردەوە” پێكهاتەی توركمان جەخت لە ڕاو و بۆچوونی پێشتری پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكاتەوە، جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە كە داواكارین سیستەمی هەڵبژاردن یەك بازنەیی بێت و بە هیچ شێوەیەك دەستكاری كورسی كۆتا نەكرێت”.
زیاتر نووسیویەتی ” بەرژەوەندی و بەرنامەی سیاسی و چۆنییەتی دابەشبوونی هاووڵاتییانی نەتەوەی توركمان وا دەخوازێت، دادگای فیدراڵی داواكارییەكانمان لەبەرچاو بگرێت و ئەو سكاڵایانەی پەیوەستن بە كورسی كۆتاكان رەتبكاتەوە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر دادگای فیدراڵی كورسییەكانیشمان دابەشبكات دەبێت ڕەچاوی ڕێژەی دابەشبوونی دانیشتوانی نەتەوەی توركمان لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بكات و بزانێت زۆرترین رێژەی هاووڵاتییانی توركمان لە پارێزگای هەولێرە”.
لە كۆتایی نووسینەكەشی مۆنا نووسیویەتی ” پێشمان خۆشە بۆ هەموو لایەك روونبێتەوە كە پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك نوێنەرایەتییەكی راستەقینەی لە پەرلەمانی كوردستان دەبێت، هیچ كاتێك ئەو هەوڵانە نابنە لەمپەر لە بەردەم كاری سیاسی و بەشداریمان لە پرۆسەی سیاسی و حكومرانی هەرێمی كوردستان”.