وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند تا ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رووی کاتەوە لە مەترسیدا نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ناكرێت چیتر بڕیاری دادگا سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکە دوابخرێت.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی نەرێنی درووستکردووە و ناکرێت چیتر دەستەوەستان بوەستین و چارەنووسی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە دواخستن بڕیاری دادگای فیدراڵی ببەسترێتەوە”.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد”،” تا ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رووی کاتەوە لە مەترسیدا نییە و ئەگەر چوارشەممە دادگا بڕیار لەسەر سکاڵاکە بدات دەتوانێت بۆ کۆتایی مانگی پێنج هەڵبژاردن ئەنجام بدات”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بۆ جاری 12ـەهەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) دواخست.