قەتەر : دانوستانەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەڕاستیدا ئومێدبەخش نەبوون.
ئیسرائیل : داواكارییەكانی حەماس خەیاڵپڵاوی بوون.
حەماس : هیچ شتێك قبووڵ ناكەین ئەگەر كەمتربێت لە وەستاندنی تەواوەتی دەستدرێژییەكان
بەرپرسانی هەر سێ لایەنی قەتەر، ئیسرائیل و حەماس، ئاشكرایان كرد كە هەوڵەكانی راگەیاندنی ئاگر بەست لە غەززە شكستیان هێناوە.
سەرۆكوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە روونیكردەوە ” دانوستانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنێك بۆ ئاگربەست لە غەززە هیچ ئەنجامێكی ئومێدبەخشیان لێنەكەوتەوە”.
شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئاشكرای كرد ” دانوستانەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەڕاستیدا ئومێدبەخش نەبوون، بەڵام وەك هەمیشە گەشبین دەمێنینەوە و بەردەوام دەبین لە فشارەكان”.
بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەمبارەوە رایگەیاند ” لەسەر داوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دانوستانكارەكانی ناردووە بۆ قاهیرە، بەڵام داواكارییەكانی حەماس خەیاڵپڵاوی بوون، بۆیە نەگەڕانەوە بۆ تەواو كردنی دانووستانەكە”.
سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە ” ئیسرائیل بەردەوامە لە مانۆڕكردن و دەستی دەستیكردن بە دۆسییەكانی پەیوەست بە گەلی فەلەستین و هەڵوێستەكانی تەنیا لەدەوری ئازادكردنی دەستبەسەركراوەكان دەخولێتەوە.
ئیسماعیل هەنیە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “هیچ شتێك قبووڵ ناكەین ئەگەر كەمتربێت لە وەستاندنی تەواوەتی دەستدرێژییەكان، كشانەوەی سوپای داگیركەر لە كەرتی غەززە، هەڵگرتنی گەمارۆ، دابینكردنی پەناگەی سەلامەت و گونجاو بۆ ئاوارە و دەربەدەرەكان، گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەتایبەتی بۆ باكووری كەرتی غەززە، كۆتاییهێنان بە سیاسەتی برسییكردن و پابەندبوون بە ئاوەدانكردنەوەی غەززە”.