زارى کرمانجى -سۆران:
لە پڕۆژەى ( هەژمارى من ) مانگانە بڕى 2 هەزارو 500 دینار وەک عموولە لە مووچەخۆران وەردەگیرێت. .
مەڕوان ئازۆز ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من) لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “سەبارەت بەو عموولە یان کرێیەی، کە لە بڕی پێدانی مووچە لە ڕێگەی کارتی (هەژماری من) وەردەگیرێت، دەمانەوێ فەرمانبەران دڵنیا بکەینەوە، کە تەنیا دوو هەزار و 500 دینار وەردەگیرێت.” ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک کارت دەدرێتەوە فەرمانبەران، هیچ بڕە پارەیەکی دیكە وەرناگیرێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش بە دەلێت: “ئەو دوو هەزار و 500 دینارە بە شێوەی عموولە بانکەکان لە مووچەخۆرانی وەردەگرن و لە بەرامبەر ئەمەشدا چەندین خزمەتگوزاریی دیکەیان پێشکەش دەکرێت، دەنگۆی بڕینی 1%ی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لە هەژمارەکەوە راستی نییە.”
بەرپرسەکەی دارایی جەختی کردەوە “لە زۆربەی وڵاتان بانکەکان پارەی زیاتر لە هاوبەشەکانیان وەردەگرن، بەڵام لە (هەژماری من) بڕە پارەکە زۆر کەمە.”
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)، پتر روونیکردەوە “فەرمانبەرێک مووچەی هەرچەند بێت، تەنیا دوو هەزار و 500 دینارەکەی لێ وەردەگیرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێژەی مووچە نییە.”
مەڕوان ئازۆز ئەحمەد دەنگۆیەکی ڕەتکردەوە و گوتی: “فەرمانبەر دەتوانێ تەواوی مووچەی خۆی ڕابکێشێت، هیچ ڕێگرییەک نییە، فەرمانبەر ئازادە مووچەکەی چی لێ بکات.”