مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە پێنجەمین پێشانگای هەنگوین لە شاری دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەر، هەنگوینی هەناردەكراوی كوردستان نمایش دەكرێت و پێشبڕكێی باشترین هەنگوینی ساڵ لەگەڵ 23 دەوڵەت دەكات.
لە لێدوانێكی دا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، دڵشێر بەردەڕەشی، شرۆڤەكاری باڵا لە تیمی كشتوكاڵیی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، باس لەوە دەكات دوای هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان لە مانگی 11ی 2023، لایەنی حكومیی قەتەر چەندین جار پشكنینی جۆرێتیی هەنگوینی كوردستانی كردووە و بە سەركەوتوویی لە هەموو تاقیكردنەوەكان دەرچووە.
دەشڵێت “ئێستا لە پێشانگای هەنگوین كە 23 وڵات و 100 كۆمپانیای جیاجیای جیهانی تێیدا بەشدارن، هەنگوینی كوردستان نمایش دەكرێت و خواستێكی زۆری كڕیارانی لەسەرە”.
ئەو پێشانگایە لە 10ی شوباتی 2024 دەستی پێ كردووە و ئەمڕۆ 19ی شوبات كارەكانی بە كۆتا دێت .
ساڵی ڕابردوو هەنگوینی كوردستان لە شانزەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتیی هەنگەوانانی ئاسیا كە لە وڵاتی سعوودیە بۆ باشترین هەنگوینی ساڵ لە نێوان وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو پلەی یەكەمی بەدەست هێنا و ئەمساڵ چاوەڕێ دەكرێت هەمان پلە بە دەست بینێتەوە.
بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتیی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و نووسینگەی سەرۆكوەزیران، پرۆسەی هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان لە مانگی 11ی 2023 بۆ وڵاتی قەتەر دەستی پێ كرد.

