زاری كرمانجی – سۆران:
ئەمڕۆ یەكشەمە، زانكۆی سۆران یەكەمین كۆڕبەندی “هێزی كار لە كوردستان بەڕێوەبرد” ئەو كۆڕبەندە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە كاتی كردنەوەی كۆڕبەندەكە، سەرۆكی زانكۆی سۆران، گوتی: لەم كۆڕبەندەدا چەند لایەنێكی حكومی و كەرتی تایبەت هەوڵی جیددیان داوە بۆ پەرەپێدانی ئەم بابەتە و كاری چاكیان كردووە و ئێستاش بەردەوامن لە خەباتكردن لەم بوارە، بەڵام ئێمە لە زانكۆی سۆران بە پاڵپشتی هاوكارانمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و رێكخراوی (IREX) و هەندێك لایەنی كەرتی تایبەت، ویستمان ئەم چالاكیە لە زانكۆی سۆران بەڕێوەبچێت بە مەبەستی كۆكردنەوەی هەوڵەكان و لێكتر نزیككردنەوەی گشت لایەنەكان و زیاتر وردبوونەوە لە ئامانجی پڕۆژەكە، كە بریتییە لە پەرەپێدانی هێزی كار لە كوردستان.
دكتۆر شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، هێمای بۆ ئەوەشكرد: لەم كۆڕبەندەدا گەلێك پرسیار و گفتوگۆ دەكرێت لە بارەی هەندێك پرسی وەك: بۆچی گەنجەكانمان ناتوانن لە ڕێگەی خوێندنەكەیانەوە كاربەدەست بهێنن، دەرچووانی زانكۆ كەم زانستن یان مەنهەجەكانیان كەم و كوڕتی تێدا هەیە، ئەو كارامەییانە چین كە پێویستن بۆ بەدەستخستنی دامەزراندن یان بازرگانیەكی سەربەخۆ، لەم ناوەندەدا ئەركی زانكۆكان و پەروەردە و دایك و باوك و خێزان و وەزارەتەكانی وەكو پلاندانان، دارایی و ئابووری، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەوانی تر چییە.
سەرۆكی زانكۆی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو: دەمەوێت ئەوەش رابگەیەنم كە ئێمە لە زانكۆی سۆران ئامادەین و لە پلانماندا هەیە كە سیستەمی كاركردنی زانكۆی سۆران بكرێت بە زانكۆیەكی توێژینەوە و زانستە كرداریەكان، وەك هەنگاوێك بۆ زیاتر نزیكبوونەوە لە بازاڕی كار تا دەرچووانمان بتوانن زیاتر خۆیان لە بازاڕی كاردا بدۆزنەوە و زیاتر خزمەتی زانست و پیشەیی بە وڵاتەكەیان بكە، بۆیە هیوادارم گشت لایەك پاڵپشت و هاوكارمان بن.