زاری كرمانجی- سۆران:
عەبدولڕەزاق ئەحمەد باپیر، ئەندامی دەستەی دامەزراندنی یانەی شەتڕەنجی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: سۆران بەرەو پارێزگا هەنگاو دەنێت و پێویستە رەنگدانەوەی لە هەموو بوارەكاندا ببیندرێت، بۆیە ئێمە هەڵساین بە دروستكردن و دامەزراندنی یەكەم یانەی شەتڕەنجی سۆران كە كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانا و لێهاتوو تا ئێستا بەبێ یانە بەشداری لە یاری و پاڵەوانیەتیەكان دەكەن، لێرە بەدواوە ئەو یانەیە بەناوی سۆران بەشداری یارییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان دەكات و لە داهاتویەكی نزیك دەبێتە پردی بەیەكگەیاندنی یاریزانانی شەتڕەنج لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆیە پیرۆزبایی لە شاری سۆران دەكەین كە بۆ جاری یەكەم بووە خاوەنی یانەی شەتڕەنجی خۆی.
ئاشكراشی كرد: ئەمڕۆ دەست دەكرێت بە رێكارە یاسایی و فەرمییەكان، بێگومان بە هاوكاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ناساندن و كردنەوەی شوێنێكی كاتی یانەیەكە كە دەبێتە سیمبولی شاری سۆران لەبواری وەرزشی شەتڕەنج كە یاریەكی مێژوویی و نێودەوڵەتییە، خۆشبەختانە سۆران بەگشتی دەوڵەمەندە بە شارەزایان و یاریزانەكانی ئەم بوارە و تەنانەت یاریزانانی زۆر بە تەمەن و بە ئەزموونی تێدایە هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە ئەو یاریەیان كردووە و تا ئێستاش ئێواران ناچارن لە نێو فلكەی گەورەی سۆران بەتایبەت بە تەمەنەكان ئەم یارییە دەكەن، جگە لە كۆمەڵێك گەنجی نوێ كە ئێستا هاتوونەتە گۆڕەپانی شەتڕەنج لەهەموو ئاستەكاندا.
عەبدولڕەزاق ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە گرووپێك لە یاریزانان و دەستەی دامەزرێنەرانین جگە لە خۆم ئەنجام زوبێر عالی و ئەركان محەممەد سدیق، یەكێكن لەو گرووپە.