زاری كرمانجی :
دوێنی چوارشەممە 5 ی ئۆكتۆبەری 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای كەرەنتینی كشتوكاڵیی فیدراڵی ژمارە 76 ی ساڵی 2012 ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان ) كە لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو خرایەڕوو. پاشان لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا و ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، ڕاسپێردرا بە ئاراستەكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی تەشریعكردنی. ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، ڕێكخستنی پرۆسەكانی دەستاودەستكردنی رووەك و بەرهەمەكانی و هاوردەكردن و هەناردەكردنیانە لە پێناوی ڕێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی دەرد و پەتای كشتوكاڵیی و بڵاوبوونەوەیان لە هەرێمی كوردستان، بە پیادەكردنی هەمان ئەو پرۆسە و ڕێكار و پێوەرانەی لە سەرتاسەری عێراق كاری پێ دەكرێت و یاساكە، لە لایەن لیژنەیەكی باڵاوە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جێبەجێ دەكرێت كە نوێنەری وەزارەتەكانی ( خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، ناوخۆ، بازرگانیی و پیشەسازیی، دارایی و ئابووری، تەندروستی ) و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە خۆدەگرێت، ئەم پڕۆژە یاسایە، بەركاركردنی یاسایەكی فیدڕاڵییە لە هەرێم، دوای هەمواركردنی و ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم. بە ئاراستەی یەكخستنی ڕێكارەكانی كەرەنتینی كشتوكاڵیی لە هەرێم و عێراق و لە هەمانكاتدا كار ئاسانییشە بۆ بازرگانانی هەرێم و هەروەها جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە زامنیی دروستیی و كوالیتی ئەو كەرەستە و پێداویستیە سەرەتاییانە دەكات كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێن بۆ پڕۆژە كشتوكاڵیەكانی هەرێم و لەكاتی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵیی هەرێم بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە ئاستەنگیان بۆ دروست نەكرێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە لایەن دامەزراوەكانی هەرێمەوە، هەمان ڕێكاری كەرەنتینی كشتوكاڵی پەیڕەودەكرێت.
پاشان لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە و لە چواچێوەی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە جێبەجێكردنی ماددەی ( 9 ) لە یاسای چاكسازی لەلایەن عەبدولحەكیم خسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ وڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی بڕیارەكەی پەسەند كرد. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پێداگیریی خۆی كردەوە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لە پێناوی ڕێكخستنەوەی وەزیفی گشتیی و خانەنشینیی و هێنانەدی دادپەروەریی لە سوودمەندبوون لە داهاتی گشتیی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردان و سوودمەندبوونی ناڕەوا، بەمەرجێك مافی خەڵكانی شایستە پارێزراوبێت و نەبێتە هۆی بێبەشكردنیان لە شایستە و مووچەی ڕەوای خۆیان.