زاری كرمانجی-سۆران:
نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەکات و دهڵێت، “مایەی شانازیمە کە رۆژگارێک لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کارم کردووە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی حەفتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەکات و دهڵێت، مایەی شانازیمە کە رۆژگارێک لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کارم کردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوپۆل و ھاوکار و ھاوڕێی قوتابیدا، خزمەتمان بە ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە پێشەنگە کردووە.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.
بە گەرمی پیرۆزبایی یادی حەفتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و لقەکان و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتییە پێشەنگەکەتان دەکەم، ھیوادارم ھەمیشە لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامدا بن.
مایەی شانازیمە کە رۆژگارێک لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کارم کردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوپۆل و ھاوکار و ھاوڕێی قوتابیدا، خزمەتمان بە ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە پێشەنگە کردووە، بەڕێزەوە لە خەبات و تێکۆشانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە ھەموو سەردەمەکاندا دەڕوانین کە ھەمیشە وەک قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیرانی پێشکەوتوو بووە.
لەم یادەدا جەخت لە رۆڵی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکەینەوە بۆ برەودان بە کاری رێکخراوەیی و پاراستنی مافەکانی قوتابیان و ئەوپەڕی بایەخ و گرنگیدان بە زانست و فێربوون و پەروەردەیەکی دروست کە ببێتە بناغەی داھاتوویەکی باشتر و کۆمەڵگە و وڵاتێکی پێشکەوتوو، بۆ ئەمە ھیوا و بڕوامان بە قوتابیانی کوردستان و تواناکانیان ھەیە و ھەموو پشتگیریەکیان بۆ دووپات دەکەینەوە.
لەم یادەدا بەڕێزەوە ھەموو شەھیدانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و تەواوی شەھیدانی کوردستان بەبیر دەھێنینەوە و سڵاو و دروود لە گیانی پاکیان.