ڕێكخراوی هەنگاو : تا ئێستا ١٠ منداڵ لە شاری جوانڕۆ بەو هۆیەوە دەستبەسەر كراون
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
محەممەد مەحموودی تەمەن 16 ساڵانی دانیشتووی شاری جوانڕۆ ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دۆڕان و كرانە دەرەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە جامی ئاسیا، لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەكەدا دەستبەسەركراوە و تا ئێستا چارەنووسی ئەو مێردمنداڵە كوردە نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 14ی شوبات، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری جوانڕۆ، مێردمنداڵێك بە ناوی محەممەد مەحموودی تەمەن ١٦ ساڵیان دەستبەسەر كردووە و بۆ شوێنێكی نادیاریان گواستووەتەوە.
لە هەواڵەكەدا ئەوەش هاتووە كە ناوەندە ئەمنییەكان بە بنەماڵەی مەحموودییان ڕاگەیاندووە “كوڕەكەتان بەهۆی دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی دوای دۆڕاندنی تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە بەرامبەر تیمی هەڵبژاردەی قەتەر دەستبەسەر كراوەو بۆ ناوەندە ئەمنییەكانی كرماشان گوازراوەتەوە.”
هاوكات بەگوێرەی ئامارێك كە لەلایەن ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوكراوەتەوە لانی كەم ١٠ منداڵ لە شاری جوانڕۆ بەو هۆیەوە دەستبەسەر كراون و كە تەنیا ناسنامەی ٢ منداڵ بە ناوەكانی محەممەد یووسفی، تەمەن ١٧ ساڵ و محەممەد مەحموودی، تەمەن ١٦ ساڵ بۆ هەنگاو ئاشكرا بووە.