زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەڵێت: لەبەر چەكدارانی پەكەكە 65 گوندی مێرگەسۆر ئاوەدان نەكراونەتەوە و چۆڵكراون. دەشڵێ: ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەبوایە حكوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ دەكرد بەوەش هەلی كار زیاتر دەبوو.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: چەكدارانی پەكەكە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە سنوورەكە هەبوونە و بەردەوام سەر ئێشە بوونە بۆ حكوومەت، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر 65 گوند لەبەر پەكەكە ئاوەدان نەكراونەتەوە، پێشتر هەوڵێكی زۆردرا و ئەو گوندانە ئاوەدان بوونەوە، بەڵام لەبەر شەڕی پەكەكە و توركیا دووبارە چۆڵ بوونەوە و هەتا ئێستاش ئاوەدان نەكراونەتەوە و خەڵكی ئێمە ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە، هەتا زۆرجار هەبووە خەڵكی ئێمە چووەتە ئەو ناوچانە و شەهید بوونە.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەشڵێ: ئەگەر ئەو گوندانە ئاوەدان ببنەوە خەڵك دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆیان و هەلی كاریش زیاتر بۆ ئەو خەڵكە دەرەخسا، بەوەش داهاتیان باشتر دەبوو، ئێمەش وەكو حكوومەت دەمان توانی دەستی ئاوەدانی بگەینە ئەو گوندانە، بۆ گوند و ئاوایەكانی دیكە چی كراوە بۆ ئەوانیش ئەوە بكەین.