زارى كرمانجي :
گومرگەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی لە سەر 14 ماددەی خۆراكی راگەیاند و دەڵێ :”دەرفەتێكی باش بە بازرگانان درا و كەلوپەلێكی زۆری خۆراكییان هاوردە كردووە و كۆگاكان پڕ بوون لە خۆراك كە زیاد لە پێویستی خەڵكە و بڕیارەكە كاریگەریی نەرێنی نابێت و نرخی كەلوپەلەكانیش زیاد نابێت”.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر ١٤ ماددەی خۆراكی كۆتاییی دێت، بەڵام ئێمە چەند ڕۆژێك درێژمان كردەوە، تا وەكوو ئەنجوومەنی وەزیران دوا بڕیار بدات، دوای دیراسەكردن ماوەكە درێژ نەكرایەوە و ماوەیەكی زۆر دراوە بە بازرگانان بۆ ئەوەی كەلوپەلی زۆر هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە بڕیارەكە كۆتاییی هات و درێژ نەكرایەوە و لەمڕۆشەوە بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت.”
ساماڵ ئەوەشی گووت: “ئەو بڕیارە كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەلەكان نابێت، چونكە زیاد لە پێویستی خەڵك كەلوپەل هاوردە كراوە و كۆگاكان پڕن لە خۆراك، بۆیە ئەگەر ماوەیەكیش كەلوپەلەكان هاوردە نەكرێن، كاریگەریی نابێت لەسەر نرخەكانیان، بۆیە نرخەكان بەرز نابێتەوە و وەكوو خۆی دەمێنێتەوە”.