مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی چوار گەنجی بە تۆمەتی ڕفاندن و دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی تەمەن 16 ساڵان ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی چوار تۆمەتباری بە ناوەكانی (ر ، ص ،ص)و(ر ، ج ، ح)و(ل ، أ ، ح)و(د ، هـ ، ح) بە تۆمەتی ڕفاندن و دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی تەمەن 16ساڵان ڕاگەیاند،
ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیاندراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ئەو چوار تۆمەتبارە لە لایەن هێزەكانیانەوە دەستگیر كراون كه هەستابوون بە ڕفاندنی كچێكی تەمەن (16) ساڵان و بۆ ماوەی 12 ڕۆژ لە شوقەیەك بەندییان كردووە و بە كۆمەڵ دەستدرێژییان كردووەتە سەری.
یەكێك لە تۆمەتبارەكان پێشتر بە تۆمەتی تەقەكردن فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە و هەروەها یەكێكی تر لە دەستگیركراوان كەسێكی ناسراوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك .