موحسین عیسا
ئەگەر سەرنجی مێژووی جیهان بدەین، ئەوا دەبینین جیهان بەچەند چیرۆکێکدا تێپەڕیوە، هەر چیرۆکێکیش سەرەتا و کۆتاییەکی هەبووە، وەک: فاشیزم، کۆمۆنیزم و… تاد. ئەگەربێت و سەیری ئەم چیرۆکانەش بکەین، ئەوا دەبینین هەریەکەیان خاوەن ئایدیۆلۆژییەک بوونە و ویستوویانە لەڕێگەی ئایدیۆلۆژییەکانیانەوە جیهان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، هەر ئەمەشە وایکردووە کە ئایدیۆلۆژییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا، بەردەوام لەگەڵ یەکتریدا لە ملمڵانێدابن(ملمڵانێی سیستەمەکان).
هەڵبەتە ئایدیۆلۆژیا زاراوەیەکە لە زمانی ڵاتینی وەرگیراوە، کە لە دوو ووشە پێکدێت، (ideo) بە مانای بیروباوەڕ(logy) بە مانای زانست دێت. کەواتە دەتوانین بێژین، ئایدیۆلۆژیا مانای زانستی بیروباوەڕ دەگەینێت.
یەکەم کەسیش کە زاراوەی ئایدیۆلۆژیای بەکار هێناوە، ئەوا زانایەکی فەڕەنسی بووە بە ناوی دێستات ترەسی (١٧٥٥ – ١٨٣٦)، کە لە پەرتووکەکەیدا بەناوی ڕەگەزەکانی ئایدیۆلۆژیا بەکاری هێناوە. هەڵبەتە ئایدیۆلۆژیا لە ڕوانگەی ترەسی بریتیی بووە لە ” زانستی هزرەکانە یاخود ئەو زانستەیە کە لە چەندایەتی ڕاست و دروستی یاخود هەڵەی هزرەکانی خەڵک دەکۆلێتەوە، ئەو هزرانەی لێیانەوە ئەو تیۆر و گریمانانە دادەمەزرێن کە لەگەڵ پرۆسەی ئەقلیەکانی ئەندامانی کۆمەڵگەدا دەگونجێن”.
کەواتە لێرەدا دەتوانین بڵێین، ئایدیۆلۆژیا بە مانای کۆمەڵێک لە بیروباوەڕی تاکێک یاخود گروپێک دێت، کە زۆرجار ئاماژەن بۆ کۆمەڵێک بیرۆکەی سیاسی، کە تایبەتمەندن بە کولتوورێکی دیاریکراو.
ئەگەر بێت و بڕوانینە ئایدیۆلۆژیاکان، ئەوا دەبینین کە هەر ئایدیۆلۆژیایەک بنەمایەکی بیرکردنەوە و بەها و دونیا بینی جیاوازی تایبەت بەخۆی هەیە، بەهۆکاری ئەم جیاواز دونیا بینینەش بەردەوام لەگەڵ یەکتریدا لە ملمڵانێدان. واتە جیاوازی بیروباوەڕەی ئایدیۆلۆژیاکان، بووتە هۆی بەریەک کەوتنی ئایدیۆلۆژیەکان و هاتنە کایەوەی کێبڕکێ لە نێوانیاندا. هەروا دەکرێت ملمڵانێی ئایدیۆلۆژیەکان چەند ڕەهەندێکیان هەبێت، وەک رەهەندی سیاسی، ئابووری، ئاینی و کولتووری، ئەم ملمڵانێیەشیان بە مەبەستی باڵادەست بوونیانە بەسەر جیهاندا.
هەروەها لێرەشدا گرنگە باس لەوە بکەین، کە ملمڵانێی نێوان ئایدیۆلۆژییەکان یاخود جەنگی نێوان ئایدلۆژیاکان تەنها بۆ باڵادەستی فیزیکی نییە، بەڵکوو هەوڵێکشە بۆ باڵادەستی بیروباوڕەکانشیان.
هەڵبەتە هەر ئایدیۆلۆژییەک بۆ باڵادەست بوونی خۆی، ئەوا زۆرجار وەکوو بزوتنەوەیەکی سیاسی دەردەکەوێت و پەنا بۆ شۆڕش و ملمڵانێی سەربازی و جەنگ دەبات، بۆ ئەوەی ئایدیۆلۆژیاکەی وەک سیستەمێکی سیاسی جێگیر بکات. بۆ وێنە: جەنگی ساردی (١٩٤٧ -١٩٩١) نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی (سەرمایەداری و دیموکراسی ڕۆژئاوا)، لەگەڵ یەکێتی سۆفیەت و هاوپەیمانەکانی (کۆمۆنیزم)، کە ملمڵانێکەیان جگە لە لایەنی سەربازی و شەری بە وەکاڵەت، ئەوا لایەنێکی فکری، سیاسی، پێشبڕکێی ئابووری و چەکی ئەتۆمیش بووە.
ئەگەر بێت و سەیری ئێستای جیهانیش بکەین، کە لەدوای ڕوخانی بلوکی سۆفیەت و باڵادەست بوونی ئایدیۆلۆژیای نیولیبڕالیزم بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەوروپا لە جیهاندا، ئەوا توانی بەسەر جیهاندا زاڵ بێت و جیهان بەپیی بنەماکانی ئاڕاستە بکات و لە قاڵبی بدات.
ئەگەربێت و بڕوانینە مێژووی ئایدیۆلۆژیای نیولیبڕالیزم، ئەوا بناغەی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لیبڕالیزمی کلاسیک، کە ئادەم سمیس بانگەشەی بۆ دەکرد، کە دوای ئەوەی لیبڕالیزمی کلاسیک دەکەوێتە قەیران و جارێکی تر چاکسازی تێدا دەکرێت، ئەوا دەبێتە ئایدیۆلۆژیای باڵادەست لە جیهاندا.
ئەمەش بەو مانایەدێت، کە ئایدیۆلۆژیای نیولیبڕالیزم، ئەو ئایدیۆلۆژیا سیاسیی و ئابوورییەیە، کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، لە ئەنجامی چەند هەوڵێکەوە هاتووتە ئاراوە، بۆ بەهێز کردنەوەی لیبڕالیزمی کلاسیک.
بەمەش دەگەین بەوەی، کە نیولیبڕالیزم دیاردەیەکی نوێیە، کە بۆ کۆتای سەتەی بیستەم و دوای جەنگی جیهانی دووەم دەگەرێتەوە. هەڵبەتە نیولیبڕالیزم زۆرجار ئاماژەیە بۆ بەشێک لە گۆڕانکارییەکی پارادایم، کە دوای شکستی هەستپێکراوی دوای جەنگ و ئابووریی نیوکینیزی لە چارەسەرکردنی چەقبەستوویی ساڵانی حەفتاکانداهات. هەروەها داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، بووە هۆی سەرکەوتنی نیولیبڕالیزم لە ئەمریکا و لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەگەر بێت و پێناسەیەکی نیولیبڕالیزم بە زمانێکی سادە بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین، نیولیبڕالیزم مۆدیلێکی سیاسییە، کە سیاسەت و ئابووری لەخۆدەگرێت، کە لایەنگری کەرتی تایبەتە و هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵی هۆکارە ئابوورییەکان لە حکومەتەوە بۆ کەرتی تایبەت بگوازێتەوە. کەواتە نیۆلیبڕالیزم تایبەتمەندە بە جەختکردنەوەیەکی بەهێز لەسەر سەرمایەداری بازاڕی ئازاد، هەروا سنووردارکردنی دەستێوەردانی حکومەت لە ئابووریدا و جەختکردنەوە لەسەر ئازادی تاکەکەسی.
ئەوەی لەم نووسینەشدا مەبەستمانە بیخەینە بەرباس، ئەوا ئەو قەیرانەیە کە ئایدیۆلۆژیای نیولیبڕالیزم لە ئێستەدا ڕووبەڕووی بوتەوە و هیچ چارەسەرییەکشی بۆ دەرباز بوون لێی پێنییە. هەڵبەتە ئەگەر سەرنجی ئایدیۆلۆژیای نیولیبڕالیزم بدەین، کە ئایدیۆلۆژیای باڵادەستی ئێستەی جیهانییە، ئەوا ئەوە بەدی دەکەین، کە خۆری نیولیبڕالیزم بەرەو ئاوابوونە، چونکە ئابووری جیهان لە پاشەکشە و داڕماندایە، ئەمەش وایکردووە نیولیبڕالیزم هێزی خۆی لەدەست بدات، چونکە بەهێزی سیستەمی نیولیبڕالیزم، لە بەهێزی ئابوورییەکەیدایە، کەچی ئابووری وڵاتانی باڵادەستی نیولیبڕالیزم و جیهان لە ئێستادا قەیراندایە.
لەلایەکی تریشەوە، ئەو بنەمایانەی نیولیبڕالیزم بانگەشەی بۆ دەکرد، وەک، ئازادی تاک، دیموکراسی، یەکسانی ڕەگەزی، فرەکولتووری، خۆشبژێوی و یەک سیستەم کردنی جیهان، ئەوا نەیتوانیوە لە واقعدا جێ بەجێی بکات و ببێتە سیستەمی دلخوازی جیهانی، هەر ئەمەشە بووتە هۆی ئەوەی ئەم سیستەمە لە جیهاندا ڕۆژ بەڕۆژ لە پاشەکشە دابێت و هێزی خۆی لەدەست بدات.
ئەمەش ئەوە دەگەینێت، کە ئەو ڕێبازەی سیاسەت و بازرگانی جیهانی و فەلسەفەی کۆمەڵایەتی لە سەردەمێکدا پێناسەی دەکرد، ئەوا ئێستا لە قەیراندایە و وڵاتان بەدوای جێگرەوەیەکی تریدا دەگەڕێن، چونکە ئەم سیستەمە نەبووتە هۆی هێنانە کایەوەی خۆشبژێوی لە جیهاندا.
ئەگەر لە ڕووی ئابووریەوە سەیری نیولیبڕالیزم بکەین، کە بنەمایەکی سەرەکی ئەم سیستەمەیە، ئەوا دەبینین ئەم سیستەمە بانگەشەی یەکسانی ئابووری، بازاری ئازاد و کەمکردنەوەی باجی کۆمپانیاکان دەکات.
ئەگەر بێت و باس لە لایەنی کەمکردنەوەی باج بکەین لەسەر کۆمپانیاکان، ئەوا زۆر بەڕوونی درک بەوە دەکەین، کەمکردنەوەی باج تەنها لە بەرژەوەندی چینی سەرمایەدارە، چونکە چینی سەرمایەدار بەشێکی گەورە لە سامان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کۆنتڕۆڵ کردووە، لەکاتێکدا چینی هەژار خاوەنی هیچ سامان و ئامرازیکی وەبەرهێنان نییە، کە ئەمەش بووتە هۆی نایەکسانی ئابووری و دروستکردنی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا. بەمەش دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن و هەژارەکانیش هەژارتر دەبن.
کەواتە دەتوانین بڵێین، نیولیبڕالیزم بەناوی ئازادی، مافی تاک، سەربەستی بازرگانی، کەمکردنەوەی باج و کۆت و بەندەکان لەسەر کۆمپانیاکاندا، هەمیشە خزمەتی بە چینی سەرمایەدار کردووە و بووتە هۆی چەوساندنەوەی چینی هەژار و هینانە کایەوەی نایەکسانی.
ئەم سیستەمە(نیولیبڕالیزم)، تەنانەت لەلایەن خودی تاکەکانی وڵاتە باڵادەستەکانی ئەم سیستەمەشەوە، بووتە جێگای نا ئومێدی و هەژاری و نایەکسانی، بۆ وێنە، ئەگەر سەیری داهاتی خیزانی ئەمریکییەکان بکەین، کە وڵاتی باڵادەستی سیستەمی نیولیبڕالیزمە، ئەوا داهاتی خیزانیکی ئەمریکی لە حەفتاکاندا دوو ئەوەند بووە، بە بەراورد بە نیوەی حەفتاکان.
لە لایەکی تریشەوە، ئەم سیستەمە بانگەشەی یەکسانی ڕەگەزی دەکات، کەچی یەکسانی ڕەگەزی لە بانگەشەیەک زیاتر هیچی تر نییە، تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە ئەم سیستەمەیان تێدا باڵادەستە، ئەوا نەیانتوانیوە یەکسانی ڕەگەزی لە وڵاتەکانیاندا بێنە کایەوە. ئەگەر لەم ڕوویەوەش بڕوانینە وڵاتی باڵاداستی ئەم سیستەمە(ئەمریکا)، ئەوا زۆر بەزەقی جیاوازی ڕەگەزی بەدی دەکەین لەنێوان ڕەش پێست و سپی پێستەکان، بەتایبەتی لە لایەنی داهاتدا، داهاتی رەشپێستەکان ساڵانە ٤٠٠٠ دۆڵارە، کە بە بەراورد بە سپی پێستەکان ١٠٠٠٠ دۆڵارە.
لە هەمان کاتیشدا سیستەمی نیولیبڕالیزم بووتە هۆی زیاد بوونی کاتژمێرەکانی کارکردن، کە وڵاتێکی وەکوو بەریتانیا، کە ڕێژەی کارکردنی یەک مانگ زیاتری بەرزکردۆتەوە لە ساڵێکدا، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە ئەم سیستەمە بووتە هۆی چەوسانەوەی زیاتری کریکاران و بی ئومێد بوونییان لەم سیستەمە.
لیرەدا دەتوانین بڵێین، ئەوەی لە نیولیبڕالیزم بەدی دەکرێت، دەستەڵاتداری و بالادەستی چینی سەرمایەدارە، ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە بوتەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و نایەکسانی ڕەگەزی.
ئەمەش بەو مانایە دێت، کە ئەم سیستەمە پەتەکەی لە دەستی چەند سەرمایەدارێکە و بەپیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دیجولێنن.
کەواتە دەتوانین بڵێین، نیولیبڕالیزم سیستەمی ئێستەی باڵادەستی جیهانییە و دریژە پێدەری سیستەمی کاپیتالیستە و ئەخڵاقی ئابووری لە جیگای ئەخڵاقی گشتی دادەنێت و بانگەشەی تاکگەری دەکات، بەمەش کۆمەڵگە بەرەو نائارامی دەڕوات، چونکە تاک یەک ئامانجی هەیە لەنێو ئەم سیستەمەدا، ئەویش دەستکەوتی داهاتی زیاترە، چونکە ئەوەی ئەم سیستەمە بانگەشەی بۆ دەکات ئابووری ئازادە و تاکیش لەنێو ئەم سیستەمەدا هەموو ڕێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ زیادکرنی داهاتیان، بەبی گوێدان بە ئەخڵاقی گشتی.
هەروا ئەگەر بڕوانینە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو ئەم سیستەمەدا، ئەوا ئەوە بەدی دەکەین، کە ئەم سیستەمە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پەیوەندی ئابووری بونیاد دەنێت و ئەوەی تاکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە لەنێو ئەم سیستەمەدا، ئەوا بەرژەوەندییە ئابوورییەکانە.
ئەمەش ئەوە دەگەینێت، کە مرۆڤبوون لەم سیستەمەدا، پەیوەندی بە خاوەندارییەتییەوە هەیە، کە چەند سامانت هەبێت، ئەوەندە مرۆڤیت.
لایەنێکی تری ئەم سیستەمە، کە بانگەشەی بۆ دەکرد، ئەوا نەهێشتنی سنووری ئابووری و نەتەوەییە، کەچی خودی ئەمریکا لە سەردەمی تڕامپدا، خەریکی زیندوو کردنەوەی سنورەکان بوو لە نێوان مەکسیک و ئەمریکادا. هەروەها هاتنی کۆڕۆناش لە ٢٠١٩دا، ئەم ڕاستیەی دووبارە سەڵماند، کە ئەم سیستەمە نەیتوانیوە جیهان بکات بە یەک سیستەم و سنورەکان نەهێلێت، چونکە لەکاتی کۆڕۆنا هەریەک لە وڵاتان هەستان بەداخستنی سنورەکانیان و پاراستنی تاکەکانیان. ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە لە ئێستەشدا بکەری سەرەکی لە جیهاندا نەتەوەیە.
بنەمایەکی تری سیستەمی نیولیبڕالیزم، ئەوا فرەکولتووری، مافی تاک و پاراستنی مافە ئازادییەکانە، کەچی لە ئێستەدا زۆر بەڕوونی لە مێدیاکانەوە دەبینین، کە ئەو خەڵکانەی کۆچ بۆ وڵاتی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەن و دەیانەوێت لەو وڵاتانە بژین، کە نیولیبڕالیزم تێدا باڵادەسە، ئەوا سنورەکانیان بەسەردا دادەخرێت و بەند دەکرێن و دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە.
هەروا ئەگەر بڕوانینە چەمکی دیموکراسی لەنێو ئەم سیستەمەدا، کە ئەم چەمکە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە و لە لایەن وڵاتانی باڵادەستی ئەم سیستەمەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئەوا جگە لە ئامرازێک بۆداگیرکاری هیچی تر نەبووە، وەک ئەو لەشکرکێشییەی ئەوروپا و ئەمریکا بەناوی دیموکراسی و ڕزگاری خەلکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر دەستی دیکتاتۆرەکان، کەچی نەکه هەر نەیانتوانی دیموکراسی لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست بچەسپێنن، بەڵکوو رۆژهەلاتیان داگیر کرد و دەستیان بەسە سەرچاوە ئابوورییەکانیان داگرت و کردیان بەبازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانیان، هەروا ئەو وڵاتانەی داگیریان کردن بەناوی ئازادی، ئەوا لە ئێستەدا بەدەست قەیرانێکی گەورەی ئابووری و سیاسی و تەناهی دەناڵێنن، هەروەک، سوریا، لیبیا، ئەڤغانستان، عێراق و …تاد. بەمەش ئەوەی دەرخست، کە ئەم سیستەمە جگە لەوەی ئامانجی داگیرکاری و بەتالانبردنی سامانی وڵاتان بە ناوی ڕزگاری و دیموکراسی، ئەوا هیچ ئامانجێکی تری نەبووە.
بەم هۆکارانەی سەرەوەش، ئەوە بۆ جیهان ڕوون بووتەوە، کە ئەم سیستەمە، ئەو سیستەمە دڵخوازە نییە کە ئەوان هیوایان بۆ دەخواست، هەر بۆیەش لە ئێستەدا بەدوای جێگرەوەی سیستەمێکی تردا دەگەڕێن وەک جێگرەوەی ئەم سیستەمە.
هەر بۆیەش ئەو وڵاتە زڵهێزانەی کە بەردەوام لە گەڵ وڵاتانی باڵادەستی ئێستای جیهاندا، بە تایبەتی ئەمریکا لە مڵمڵانێدابوون و هەوڵیاندەدا دەست بەسەر جیهاندا بگرن و ببن بە باڵادەستی جیهان، ئەوا درکیان بەو قەیرانە قووڵە کردووە کە سیستەمی ئێستەی جیهانی(نیولیبڕالیزم) ڕووبەڕووی بۆتەوە، ئەمەش وایکردووە کە وڵاتە ڕکابەرەکانی ئەم سیستەمە سوود لەو قەیرانە وەربگرن، کە ئەم سیستەمە توشی هاتووە و متمانەی خۆی لە جیهاندا لەدەست داوە. یەکێکیش لەو ولاتە زڵهێزانەی جیهان، کە بە دریژای مێژوو هەوڵی باڵادەست بوونی جیهانی داوە، ئەویش وڵاتی ڕوسیایە. هەڵبەتە ڕوسیا بە درککردنی بەو قەیرانەی کە ئەم سیستەمە توشی بووە، هەوڵیداوە لەرێگەی پیادەکردنی تیۆری سیاسی ئاراستەی چوارەمەوە یەکێتی ئۆڕاسیا بونیات بنێت، وەک جێگرەوەیەکی ئەوروپا و ئەمریکا، یەکەم هەنگاوشی لە داگیرکردنی نیمچەدورگەی کرێمیا دەست پێکرد و لە ئێستاشدا هەوڵی داگیرکردنی ئۆکراین دەدات.
لە کۆتایی ئەم نووسینەشدا دەگەین بەو دەئەنجامەی، کە لە مێژووی جیهاندا چەند ئایدیولۆژییەک باڵادەست بوونە، هەریەک لەو ئایدیولۆژیانەش بنەما و دونیا بینی تایبەت بەخۆیان هەبووە، بەهۆکاری ئەم بنەما و دوونیا بینینەشیان بەردەوام لەگەڵ یەکتریدا ناکۆک بوونە و هەوڵیانداوە باڵادەستی خۆیان بەسەر ئەوەیتردا بسەپێنن، بۆ ئەوەی ببنە باڵادەستی جیهان.
لە ئێستەشدا کە نیولیبرالیزم ئایدیولۆژیای باڵادەستی جیهانییە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەوروپا، ئەوا ئەوە بەدی دەکەین، کە ئەم ئایدیۆلۆژییە لە پەلەقاژەی مەرگدایە و خۆری بەرەو ئاوابوونە، چونکە بنەما سەرەکییەکەی کە ئابوورییە، ئەوا ڕووبەڕووی داڕمان و قەیرانێکی گەورە بووتەوە، ئەمەش وایکردووە هێزی خۆی لەدەست بدات. لە هەمانکاتیشدا، نیولیبڕالیزم بووتە هۆی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و زیاد بوونی هەژاری و قۆرخکاری. هەروا شێواندنی پەیوەندییەکۆماڵایەتییەکان، چونکە پەیوەندییەکۆمەڵایەتییەکان لەم سیستەمەدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەتی و خاوەنداریەتییە. ئەمەشە وایکردووە کە ئەم سیستەمە ڕۆژ بەرۆژ لە پاشەکشەدابێت و ئەو سیستەمە دڵخوازە نەمێنێت کە جیهان هیوای بۆ دەخواست، هەر بۆیە ئەمەش وایکردووە جیهان بەدوای جێگرەوەیەکی تری ئەم سیستەمەدا بگەڕێن.
ئهو سهرچاوانهی بۆ ئهم نووسینه سوودیان لێوهرگیراوه:
کۆمەلێک نووسەر (٢٠١٨). لیبڕالیزم و نیۆلیبڕالیزم. و: هاوار محەمەد و ئەوانیتر. چاپی یهكهم، سلێمانی، چاپخانەی حەمدی.
کۆمەڵێک نووسەر و کەسایەتی سیاسی(٢٠٢٣). تێز و تیۆرەکانی ئەلیکسەندە دۆگین، عەقڵی پۆتین. و: ئیسماعیل کوردە. چاپی یەکەم، هەولێر، چاپخانەی ئاوێر.
کۆمەڵێک نووسەر(٢٠١٨). دەروازەیەک بۆ سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕیی. و:چەند وەرگێڕێک. چاپی یەکەم، چاپخانەی سارا.
ئەلحەسەن، د.ئیحسان محەمەد، (٢٠١٢). ئینسایکۆپیدیای کۆمەڵناسی. و: دانا مەلا حەسەن، چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.