مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەمەریكا هۆشدارییەكی توندی لە ڕێگەی جێگری سەرۆكی وڵاتەكەی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق گەیاندووە و پێی گوتووە ئەگەر هێرشەكانی سەر هێزەكانیان بەردەوام بێت، ئەمەریكا ناچار دەبێت هێرشی دیكە ئەنجام بدات.
لە كۆبوونەوەی دوێنێ نێوان كامالا هاریس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، كامالا بە سوودانی ڕاگەیاندووە پێویستە حكومەتی عێراق ڕێگریی لە هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی بكات و هۆشداریشی پێ داوە ئەگەر هێرشەكان بۆ سەر فەرمانبەرانی بەردەوام بێت، ئەمەریكا ناچارە هێرشی دیكە ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ شەممە كۆشكی سپی لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بە كۆبوونەوەی دوێنێ نێوان جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە و دەڵێ لە كۆبوونەوەكە جەخت لەسەر پاراستنی گیان و سەلامەتی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كراوە و كامەلا بە ڕاشكاوی بە سوودانی گوتووە “بۆ ئەمەریكا هیچ شتێك لە سەلامەتی سەرباز و ڕاوێژكارانی گرنگتر نییە، بۆیە لە كاتی پێویستدا ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لە خۆی.”
لە بەشێكی تری ڕاگەیاندراوەكە هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی كارەكانی لیژنەی هاوبەشی سەربازی نێوان هەردوولا وڵات كرا بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.