شەهلا رەشید- مێرگەسۆر
راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دەڵێت “پەیمانگەكەمان لە سێ بەشی زانستی پێكهاتووە و پلانمان هەیە بۆ ساڵی نوێ بەشەكان بەپێی پێداویستی دەڤەرەكە زیاد بكەین.
د. تالب محەمەد، راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەو ئاگادارییەی كە بڵاومان كردەوە تایبەتە بە گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران، دوای ئەوەی بە نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێرمان كرد، لەوێشەوە بۆ خوێندنی باڵا و دواتر بەرزكرایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، هەر لە ئەنجومەنی وەزیران گشتاندنێكی بە ژمارە820 لە 17/1/2024 بۆ سەرجەم حكومەتەكانی هەرێمی كوردستان تایبەت بە گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران لە فەرمانگەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بەپێی پسپۆڕییەكان و ئەو ژمارانەی ئێمە دیاریمانكردوونە.
گووتیشی” ئەنجومەنی وەزیران ئەم گشتاندنەی كردووە جەخت دەكاتەوە لە پێویستی پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، هەر فەرمانبەرێكیش بیەوێت داواكاری پێشكەش بكات و درێژە بە خزمەتەكەی بدات ئەوا لە گشتاندنەكەدا ئاماژە دراوە كە كارەكانی پێویست ئەنجامبدەن و دواتر بەرز بكرێنەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەسەری، ئەمەش سەرجەم وەزارەتەكان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی.