د. پشدەر عەبدەڵڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان
منداڵەكانیش هاوشێوەی گەورەكان تووشی سەرئێشە دەبن، زۆربەی جۆرەكانی سەرئێشە كە لە گەورەكاندا هەیە لە منداڵانیشدا بوونیان هەیە.
هۆكارەكانی سەرئێشە یان زیادكردنی سەرئێشە چین؟
- بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمان سەرئێشە دروست دەكەن.
- كەم خەوی یان گۆڕینی شێوازی خەوتن.
- ئەگەر منداڵەكە ژەمێكی خواردنی نەخواردبێت.
- وشكبوونەوە لە كاتی نەخۆشیدا .
- كاتێ فشارێكی دەروونی زۆری هەبێت.
- برینێكی بچووكی سەر.
- بۆ ماوەیەكی زۆر سەیری تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەر بكات.
- كێشەی بینینی هەبێت.
- سووڕی مانگانە لە كچی پێگەیشتوو.
- گۆڕان لە هۆڕمۆنی لەشدا.
- ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر لەناو ئۆتۆمبێل سەفەرێكی درێژ بكات.
- گوێگرتن لە مۆسیقای بەرز.
- بۆنی قورس و گران.
- خواردنەوەی كافائینێكی زۆر.
- هەندێك جۆری خواردن وەك پەنیر، چوكلێت و پیتزا.
- هەوكردنی گوێچكە.
- هەوكردنی ڤایرۆسی لە شێوەی پەتا.
- هەوكردنی تورەكەی هەوایی كەلەی سەر ( اتهابی جیوب)
نیشانە خراپەكانی سەرئێشە كە پێویستە بێ دواكەوتن منداڵەكەت ببەیتە پزیشكی پسپۆڕی منداڵان كە ئەمانەن:
۱- كەمبوونەوەی هۆشی منداڵەكەت.
۲- سەرئێشەكەی رشانەوەی لەگەڵدا بێت.
۳- ئەگەر سەرئێشەكە منداڵەكە خەبەر بكاتەوە، بە تایبەتی لە بەیانیان یان سەرئێشەكە دوای بەخەبەرهاتنەوەی لە خەو دەست پێبكات لە بەیانیاندا.
٤- سەرئێشە دوای زەربەیەك كە بەر سەری كەوتبێت یان دوای لە هۆش خۆچوون.
۵- ئەگەرسەرئێشەكە گەشكەی لەگەڵدا بێت.
٦- بینینی منداڵەكە بەرەو خراپی بچێت.
۷- باڵانسی لەشی تێك بچێت و بەملاولادا بكەوێت.
۸- پێستی پەڵەی تێدا دەربكەوێت.
۹- بە گرانی هاتووچۆ و رۆیشتن بكات و توانای بە پێوە وەستانی نەمێنێت.
۱۰- قسەكردنی گران بێت یان هەر نەتوانێت.
۱۱- بوونی ئازار لە ملدا، یان ملی رەق بێت لەگەڵ بوونی تا.
۱۲- توانای رۆیشتنە قوتابخانە لەگەڵ چالاكی رۆژانەی نەمێنێت.
۱۳- هەڵسووكەوتی منداڵەكە بگۆڕێت.
۱٤- ئاو خواردنەوە و میز كردنی زیادی كرد بێت.