زارى کرمانجى:
دواى فشارى میدیا و میدیاکاران دژى رێنمایی ژمارە (1)ـى ساڵى 2023 تایبەت بە کارى رۆژنامەوانی لە هەرێمى کوردستان، وەزارەتى رۆشنبیرى بڕیارەکەى خۆى هەڵوەشاندەوە.
بەپێى راگهیهندراوێك کە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان دەریکردوە، لە رۆژى 28ی كانوونی دووهمی 2024، بەیانى ژمارە (1)ـى ساڵى 2024 لە رۆژنامەى وەقائیعى کوردستان بڵاوکراوەتەوە تایبەت بە رەتکردنەوەى رێنماییەکى تایبەت بە رێکخستنى کارى میدیایی.
بەپێى بەیانەکەى وەزارەتى رۆشنبیرى، پێشتر رێنمایی ژمارە (1)ـى ساڵى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى کوردستان ژمارەى (305) بڵاوکراوەتەوە و ئەو رێنماییە تایبەت بوە بە (رێکخستنى کارى میدیایی لە هەرێمى کوردستان) و ئێستا بەم بەیانە رێنماییەکە رەت کراوەتەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت: رێنمایی ژمارە (1)ـى ساڵى 2023 تێبینى و سەرنجی لە لایەن میدیاکاران و یاساناسان لەسەر تۆمارکرا، هەربۆیە لە 1ی كانوونی دووهمی 2024ـەوە کار بەو رێنماییە ناکرێت.
ئەو رێنماییەى وەزارەتى رۆشنبیرى رەتى کردەوە له 17 مادده پێكهاتبو، لە ماددەی (8)ـی رێنماییەكەدا هاتبو: “لهكاتی دروستبونی كێشه و گرفتهكان و پهنابردنهبهر یاسا و دهسهڵاتی دادوهریی، ئەم سیستهم و رێنماییە هاوشان لەگەڵ یاسای رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان و ئهحكامهكانی تری گشتی، دەبنە پێوەرێك بۆ بڕیاردان لەو پرسانەی كە دەچنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری”.
هەر دواى ئەو رێنماییە ناڕەزایەتیی میدیاکاران و میدیاکان سەریهەڵدا و ئەو کارەیان بە بەرتەسککردنەوەى ئازادى و کارى رۆژنامەوانیی ناوبرد.