زارى کرمانجى-سۆران:
ھەریەک لە د.ئەنوەر عەلی محەمەد، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و ھێمن ئەمین مەنسور بەرپرسی کارگێری و دارایی فیدراسیۆنی شاخەوانیی، بۆ چەند پرسێکی تایبەت لەگەڵ وەزیرى ناوخۆ کۆبوونەوە.
بۆ تاوتوێ کردنی چەند پرسێکی تایبەت بە شاخەوانیی لە کوردستان، شاندی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، سەردانی (ڕێبەر ئەحمەد) وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانيان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەسەر چەند پرسێکی ھەنووکەیی تایبەت بە ڕەوتی شاخەوانیی لە کوردستان و چالاکی گرووپەکانی شاخەوانیی و چۆنیەتی ڕێکخستنی گەشت و کار و چالاکییەکانی گرووپەکانی شاخەوانیی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا کرا.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو چەشنە پاڵپشتی و ھاوکارییەکی یاسایی و ئیداری، لە پێناوی باشترکردنی ڕەوتی شاخەوانیی لە کوردستان لەگەڵ فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستاندا دەربڕی. هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا، باس لەو ھەموو پێشکەوتن و گەشەکردنە نیشتیمانی و پەروەردەیی و زانستییەی بواری شاخەوانیی ئێستا کرا کە فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و سەرجەم شاخەوانان و گرووپە شاخەوانییەکان دەوریان تێدا بینیوە.