زاری كرمانجی – سۆران :
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند ناردنی 618 ملیارەكەی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ ئەو بڕە پارەیە 618 قەرز نییە و بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە.
لەبارەی بەردەوامی ناردنی 618 ملیارەكەی مووچە، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە بەرپرسێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێ ڕاگەیاندووە ناردنی 618 ملیارەكەی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و چاوەڕێین بڕەكەی زیاد بكرێت و دەشڵێت “ئەو بڕە پارەیە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ دەركراوە و تاوەكوو بودجە هەموار دەكرێتەوە بەردەوام دەبێت.”
هاوكات پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستە ڕوو ئەم مانگە ڕێكارەكانی ناردنی 618 ملیارەكە ئاسانترە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند “حكومەتی هەرێمی كوردستان، مانگی ڕابردوو لیستی فەرمانبەران و هەموو وردەكارییەكانی داوەتە دارایی فیدراڵی، بۆیە ئەو مانگە ڕێكارەكانی ناردنی 618 ملیارەكە ئاسانترە.”
دووبەردانی باس لەوەش دەكات لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە پەیوەندیدان، بۆ ئەوەی 618 ملیار دینارەكە لەگەڵ دەستپێكردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی عێراق بنێررێت.
دەشڵێت “ئەو 618 ملیار دینارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێ داوە، قەرز نییە و بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە.”