زاری كرمانجی – مێرگەسۆر:
مامۆستا ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، مەنهەج و پڕۆگرامی خوێندن بۆ هەندێك قۆناغ گرانە هیوادارین پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بكرێت. دەشڵێ، لە هەر چوار پەروەردەی ئیدارەی سۆران رێژەی وانەبێژان گەیشتووتە ئاستێك كە زیاترە لە میلاكی هەمیشەیی، ئەگەر ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و كەس دانەمەزرێت لە داهاتوودا كێشەمان بۆ دروست دەبێت، بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین چاوێك بەو بابەتەدا بخشێنرێتەوە، مامۆستایانی وانەبێژ كە زیاتر لە 5 ساڵە وانە دەڵێنەوە بكرێنە گرێبەست.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەڵێ:” ئەمساڵ لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر 9 باخچەی منداڵان، 147 قوتابخانەی بنەڕەتی و 32 قوتابخانەی ناوەندی و ئامادەیی هەنە، لەگەڵ 897 مامۆستای هەمیشەی و زیاتر لە هەزار وانەبێژ، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت 60% میلاكی پەروەردەی مێرگەسۆر وانەبێژە.
مامۆستا ئەحمەد محەمەد، دەشڵێ:” ئەمساڵ پلانی وەزارەتی پەروەردە ئەوە بوو هەر لە وەرزی هاوین هەموو ئەو فەرمانانەی كە هەنە جێبەجێ بكرێن، یەكێك لەو فەرمانانە ئەو بوو كە میلاكات پێش مانگی 9 رێكبخرێتەوە، ئێمەش هەر زوو دەستمان بە ئامادەكاری كرد، میلاكی خۆمان رێكخستەوە فۆرمی وانەبێژان وەرگیراون، هەتا چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە، میلاكی هەموو قوتابخانەكان دابین كراوە، بەڵام كاتێك دەبێتە دەوام ئەو وانەبێژە هەموو ئامادە نینە بێنە دەوام، یان شوێنەكانی خۆیان دەگۆڕن، یان مامۆستایەك كێشەیەكی بۆ دروست دەبێت، بۆیە ناتوانین 100% میلاك پێش دەستپێكردنەوەی دەوام رێكبخەین، لەگەڵ ئەوەش لەسەرەتای ساڵی نوێی خوێندن میلاكی سەرجەم قوتابخانەكان رێكخراوە، تەنها چەند قوتابخانەیەك نەبێت، ئەگەر وانەبێژێك نەچێت یان كێشەیەكی بۆ دروست بوو، پێویستە مامۆستایەكی دیكە لە شوێنی ئەو دابنرێت بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت، لەگەڵ ئەوەی مەنهەج و پڕۆگرامی خوێندن بۆ هەندێك قۆناغ گرانە هیوادارین پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بكرێت.
ئەو بەرپرسەی پەروەردەی مێرگەسۆر، روونیشیكردەوە:” لە 27 قوتابخانەی سنوورەكەمان دوو دەوامی تێدا ماوە، پێمان باش بوو هەموو یەك دەوامی بانە، بەڵام ئەوە كاتی دەوێت، پێویستیمان بە چەندین بینا هەیە، هەندێك لە قوتابخانەكانی ئێمە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی كە توانی 5 قوتابخانە نۆژەن بكاتەوە، هەروەها قوتابخانەیەكی 9 پۆلی لە دواناوەندی كەونەگوند دروست كراوە و لەو چەند رۆژەدا دەكرێتەوە، هەروەها نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی بڕیاری داوە 20 قوتابخانەی دیكە نۆژەن بكاتەوە، ئیدارەی سۆرانیش نۆژەنكردنەوەی چەند قوتابخانەیەكی لە ئەستۆ گرتووە، نۆژەنكردنەوە كارێكی باشە، بەڵام دروست كردنی قوتابخانە لە هەندێك شوێن زۆر پێویستە، بەتایبەتی قوتابخانەی شانەدەر كە لە ساڵانی نەوتەكانەوە دروست كراوە، بنەڕەتی و دواناوەندی شانەدەر هەر دووكیان لە یەك بینادا دەخوێنن، قوتابییانی 12 گوند لەو قوتابخانەیە دەخوێنن، بۆیە داوا دەكەین حكوومەتی هەرێم و كەرتی تایبەت و دەزگا خێرخوازەكان بێنە سەر خەت بۆ دروستكردنی قوتابخانەیەكی مۆدێرن لە گوندەكە، لە هەندێك شوێنی دیكەش پێویستمان بە بینای قوتابخانە هەیە، چونكە 23 قوتابخانەی ئێمە لە كابینەدان، یان لە بینای سەر خۆڵ دەخوێنن، ئەوانیش شیاو نین بۆ خوێندن، ئەوە بەس بۆ ئەوەیە پرۆسەی خوێندن لەو شوێنانە نەوەستێت، ئەگەرنا بۆ خوێندن شیاو نین.
مامۆستا ئەحمەد، گوتیشی:” لە دوای 2014 هیچ مامۆستایەك دانەمەزراوە، ئەو مامۆستایەی پێش 2014 وەرگیراوە دەبێت 5 ساڵ لامان وانە بڵێتەوە، كاتێك كە كاتەكەی تەواو بوو، دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت ناچارین بە وانەبێژ پڕ بكەینەوە، ئەوەش تەنها گرفتی یەك پەروەردە نییە، بەڵكو هەر چوار پەروەردەی حەوزی سۆرانە، لە هەر چوار پەروەردەی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز رێژەی وانەبێژان گەیشتووتە ئاستێك كە زیاتر بێت لە میلاكی هەمیشەیی، ئەگەر ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و كەس دانەمەزرێت لە داهاتوودا كێشەمان بۆ دروست دەبێت، بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین چاوێك بەو بابەتەدا بخشێنرێتەوە، ئەگەر هەندێك لەو وانەبێژانە كە زیاتر لە 5 ساڵە وانەبێژن، وەكو مامۆستایەكی هەمیشەیی لێ هاتووە، زانیاری هەیە، ئامادەیە، تەنها بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەوێت، لە جیاتی وانەبێژی بكرێنە گرێبەست، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو دڵەڕاوكێیە رزگار بن و زیاتر هاوكار بن بۆ گەیاندنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە قوتابخانەكان.
مامۆستا ئەحمەد، روونیشی كردەوە:” یەكێك لەو شتانەی كە ئەمساڵ دڵی من زۆر پێی خۆشە، ئەوەیە لە سەرجەم قوتابخانەكانی دواناوەندی و ئامادەیی، مامۆستای پسپۆر دانراوە، بە هەبوونی مامۆستای پسپۆر وا دەكات كە ئاستی زانستی و زانیاری قوتابی بەرز ببێتەوە و نمرەی بەرزتر بە دەست بهێنێت، كە ئەمساڵ لە هەر چوار پەروەردەی سنووری ئیدارەی سۆران هیچ قوتابییەك لە ریزی یەكەمەكان نەبوو، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمساڵ كە كۆتای بە كۆڕۆنا هات، هەموو پەرتووك بۆ تاقی كردنەوە داخیل كرا بوو، پرسیارەكانیش گرانتر بوون، بۆیە ئاستی زانستی نەك هەر لە یەك پەروەردە بەڵكو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری تێدا كرا، بۆ نموونە ساڵی رابردوو دووەمی كوردستان لە سنوورەكەمان بوو، ساڵی رابردوو 23 قوتابی نمرەی 100ـیان هێنا بوو، ئەمساڵ لە هەموو هەرێمی كوردستان 3 قوتابی هەبوون كە لە هەموو وانەكان 100 بهێنن، كەواتە رێژەكە لە هەموو پەروەردەكان دابەزیوە، بۆیە لە پەروەردەی مێرگەسۆریش ئەمساڵ نمرەی بەرز نەهات، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئامادەكاری باش كراوە و مامۆستای باش دانراوە، بۆیە ئۆمێد هەیە ئەمساڵ نمرەی بەرز بهێنین، لەگەڵ ئەوەی هەر وانەبێژێك وەكو پێویست وانە نەڵێتەوە سەرپەرشتیاری رەخنەگر و بەرێوەبەری قوتابخانە بۆی هەیە ئەو وانەبێژە بگۆڕێت، چونكە ناتوانین قوتابیانی خۆمان بكەینە قوربانی وانەبێژێك.
سەبارەت بە دواكەوتنی شایستە داراییەكانی وانەبێژان، بەرێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، گوتی:” پەروەردەی مێرگەسۆر لە دوای رواندز و چۆمان وەردەگرێت، پاشان سۆران، مەبەست تەنها ئەوەیە كە وانەبێژانی هەندێك پەروەردە ژمارەیان كەمە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە پارەی ئەوان كەمە، بۆیە پێش ئێمە شایستە داراییەكانی خۆیان وەردەگرن، ئەگەرنا ئێمە هەر زوو ئامادەكاری دەكەین، چەكیش وەردەگرین، بەڵام تا پارەكەمان بۆ دابین دەكرێت كاتی زیاتری دەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش داوا دەكەین مانگانە لە كاتی خۆی شایستە داراییەكانی وانەبێژان خەرج بكرێت.
مامۆستا ئەحمەد محەمەد، جەحتی لەوەش كردەوە:” هەموو ئەو پەرتووكانەی بۆ ئێمە هاتوون بەسەر قوتابخانەكان دابەش كراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەش كێشەمان لە پەرتووك هەیە و هەموومان بۆ نەهاتوونە، بەڵام ئەوانەی هاتوونە دابەش كراون، هیوادارین ئەوانەی ماون لە زووترین كاتدا بگەن، هەر كاتێك گەیشتنە دەستمان یەكەم رۆژ دەست بە دابەشكردنی پەرتووك بەسەر ئەو قوتابخانانەدا دەكەین كە كەموكوڕیان هەیە، بۆ دابین كردنی نەوت بۆ قوتابخانەكان مانگێك دەبێت ئامادەكاریمان كردووە، بە داتا رادەستی سەرووی خۆمان كردووە و ئێستا كار لەسەر دەكەن، حكوومەتیش لە پلانی دایە بۆ پەروەردەكانی دوورە دەست لە زووترین كاتدا نەوت دابین بكات، چونكە لە ناوچەكانی ئێمە زووتر كەش و هەوا سارد دەبێت.
سەبارەت بە كردنەوەی پەروەردەی گشتی لە ئیدارەی سۆران، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، ئاشكرای كرد:” كردنەوەی پەروەردەی گشتی لە ئیدارەی سۆران، شتێكی زۆر گرنگە و ئێمە زووتر دەگەینە شوێنی مەبەست، زووتر دەتوانین پەیامی خۆمان بگەینین، هاتووچۆی ئێمە نزیكتر دەبێت، پێداویستیەكان زووتر دەگەن، 12 پەروەردە سەر بە پەروەردەی گشتی هەولێرن، هەر پێداویستییەك بۆ قوتابخانەكان دابین بكرێت، بەشێكی زۆر كەم دەگەیشتە ئێمە، بەڵام ئەگەر هاتوو پەروەردەی گشتی لە ئیدارەی سۆران كرایەوە، ئەو كەلوپەلانە بۆ سنوورەكە جیا بكرێنەوە، ئەو كات سوودمەنتر دەبین، ئەوەی لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەگەر پەروەردەی گشتی بكرێتەوە، زۆربەی مامۆستای خۆجێ دروست دەكرێن، ئەگەر هاتوو فەرمانێك دەرچوو دامەزراندن هەبوو، هەولێر ناتوانێت لە سنوورەكە بەشدار بێت، بەڵكو خەڵكی سنووری ئیدارەی سۆران دەبێتە مامۆستای خۆجێ، بۆیە هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت و پەروەردەی گشتی بكرێتەوە.
زیاتر گوتی:” كردنەوەی پەیمانگەی ئەهلی شتێكی باشە، بەس هەر یەك لە سلكی خۆی، داوا لە بەڕێوەبەری هەر پەیمانگەیەكی ئەهلی دەكەین ئەو بەشەی پێویستە، ئەو بەشە بكەنەوە، نەك هەر قوتابی وەربگرن و دەرچووانی ئەو پەیمانگانەش بێنە لای ئێمە و داوای دامەزراندن بكەن، كە ئەوە بۆتە كێشە بۆ ئێمە، چونكە هەندێك كەس فۆرمی وانەبێژی پڕ كردۆتەوە هەر پەیوەندی بە پەروەردەوە نییە، بۆیە هەر پسپۆریەك پێویست بێت پێویستە ئەو بەشە بكەینەوە، بۆیە كردنەوەی پەیمانگە و بەش، پێویستی بە دیراسە كردنە، ئایا پێویستی ئەو ناوچەیە، یان زیادە، بۆ ئەوەی خەڵك بێ كار نەبێت، چونكە ئەگەر قوتابیەك دەرچوو و بێ كار بوو كەواتە هیچمان نەكردووە و سوود لەو كەسە وەرناگرین.
لە كۆتاییدا مامۆستا ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، رایگەیاند، مامۆستا رۆشنبیرە، مامۆستا ئەركێكی پیرۆزی هەیە، مامۆستا پێویستە گرنگی بە پەروەردەكردنی قوتابی بدات، دووەم فێكردنی ئەو قوتابییە كە هەستی نیشتمانی هەبێت، رێزی خەڵك بگرێت، فێری بەها كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بكات، پاشان قوتابی فێری زانست بكات، بۆیە پێویستە مامۆستا پێش هەموو شتێك خۆی ئینتیمای هەبێت، وڵاتی خۆی خۆش بوێت، بۆیە داوا لە مامۆستایانی خۆمان دەكەین، كە ئێستا سەرەتای دەوامە، وا لە قوتابی بكات كە قوتابخانەكەی خۆی خۆش بوێت، ژینگە بپارێزێت، سەركردەی خۆ بناسێت، حكوومەتەكەی خۆی خۆش بوێت، بۆیە زۆر گرنگە وەكو مامۆستا زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بوەستین و داوا لە مامۆستایانی خۆمان دەكەم رۆشنبیرانەتر كار بكەن و پەروەردە كردن پێش فێركردن بێت”.