مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
فاتمە شێخی تەمەن 22 ساڵی دانیشتووی پارێزگای ئیلام ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەك ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێنرا.
ناڕەزایەتی بەردەوامی ئەو كچە چالاكوانە كوردە، لە بەرامبەر جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی گەنجانی كورد، دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانی تووڕە كردووە، بۆیە ڕۆژی سێشەممە 13ی شوبات لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی دووی ئاودانان بە سەرۆكایەتی دادوەر محەممەد غوڵامی بە تۆمەتی “بێڕێزیكردن بە پیرۆزییەكان” سزای یەك ساڵ بەندكردنی بەسەردا سەپێنرا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێكی لە بارەی فاتمە شێخی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی “فاتمە چالاكی مەدەنی خەڵكی ئاودانان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەندین جار لە ستۆری ئینستاگرامەكەی دژایەتی و ناڕەزایەتی خۆی نیشانداوە دژ بە سزای سێدارە و بەم بۆنەشەوە بانگكراوە بۆ خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەو شارە و دوای ڕوونكردنەوە و ڕاگەیاندنی تۆمەتەكانی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی كاتی هەتا كۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییكردنەكەی ئازادكراوە.”
لە ڕاپۆرتەكەی هەنگاو ئەوەش هاتووە “سزای یەك ساڵ بەندكردنی فاتمە شێخی، بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە.”
لەبەرامبەر ئەو سزایی كە بەسەری دا سەپێنراوە، فاتمە شێخی ئینستاگرامەكەی نووسیویەتی “بە هۆكاری “كاردانەوەكانم سەبارەت بە سزای سێدارە” سزای بەندكرانم بەسەردا سەپێنراوە.”